کۆنترین گۆڕهەڵکەنى خورماتووە
50 ساڵە خەڵک دەخاتە گۆڕەوە
964+
سیروان خورشید -دوزخورماتوو
کۆنترین گۆرهەڵکەنى شارەکەیە و 50 ساڵە بەبێ جیاوازى نەتەوەیى خەڵک دەخاتە گۆڕەوە، ئەوە چیرۆکى نورى مەدحەت، ناسراوە بە مام نورى کە کۆنترین گۆڕهەڵکەنى دوزخورماتووە.
وەک ئەوەى مام نورى بە 964ـى وت، 50 ساڵ دەبێت کارو پیشەى بووە بە هەڵکەندى گۆڕ و هەر کەسێک بمرێت دواى ماوەیەکى کەم سپاردەى خاکى دەکات.
بەو پێیەى لە خورماتوو کورد و تورکمان و عەرەب دەژین، بەڵام ئەم جیاوازییە نەتەوەییە گرفت نییە لەبەردەم مام نورى، وەک دەڵێت، بێ جیاوازى هەموویان دەنێژم، لە پێناو خوا.
مام نورى بەهۆى هەڵکشانى تەمەنى، تاقەتى جارانى نەماوە، بەڵام مشورخۆرى مردوانە و ئێستا تیمێکى گەنجى 12 کەسى لە هەرسێ نەتەوەکە پێکهێناوەو سەرپەرشتیان دەکات بۆ ناشتنى مردووەکان، خۆى مایسترۆى ئەو تیمەیە و شوێنى گۆڕەکە و شێوازى هەڵکەندن و رازاندنەوە و شاردنەوەیان پێدەڵێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح