''شەیتان ئەم ئیشە ناکات''

ژمارەیەک سەگ لە گەڕەکێکی سلێمانی سوتێندران

964+
دیلان محەمەد _ سلێمانی

تەنیا لە سێ رۆژی یەکەمی رەمەزاندا لە گەڕەکی قولەڕەیسی شاری سلێمانی کۆمەڵێک سەگ و پشیلە قەتڵوعام کراون، لەناو ئەوانەدا چەند بێچووە سەگێک بە بەرچاوی دایکەکەیانەوە بە زیندووی سوێتێندراون.

شادیە عەلی سەرۆکی رێکخراوی هانای ئاژەڵان دوێنێ شەو چەند ڤیدیۆیەکی بۆ 964 نارد کە چەند سەگ و پشیلەیەک بەهۆی پێدانی ژەهرەوە گیان ئەدەن، شادیە دەڵێت ”سەرە مریشکیان ژەهراوی کردووەو داویانە بە سەگ و پشیلەکان”.

هەر لە قسەکانیدا ئەوەشی درکاند کە چەند بێچووە سەگێک لە هەمان ناوچە بە زیندوویی سوتێندراون، ئەمڕۆ دیلان محەمەد پەیامنێری 964 لە سلێمانی چووە گەڕەکە و هەر لەوێ شادیە عەلی لێبوو.

شادییە دەڵێت ” بێچووەکانیان بە زیندوویی لەناو کولانەکە سوتاندووە، دایکەکە گوانەکانی پڕە لە شیر”.

دەشڵێت ”شەیتان بە شەیتانی خۆیەوە لەم مانگەدا ئەم کارە ناکات”.

شادیە و دەزگا پەیوەندیدارەکان لەسەرەداوێک دەگەڕێن بزانن کێ ئەم کارەی کردووە، چونکە ئەمە یەکەمجار نییە شتی لەو شێوەیە لەو گەڕەکە روودەدات.