دکتۆرێک هۆشداری دەدات
کێشەی تەندروستی و ژینگەیی بۆ شۆفێرانی سەر رێگای خێرای باشماخ دروست بووە
964+
کامیار کەمال- پێنجوێن
کاتێک لە پێنجوێن دەردەچیت و بەرەو باشماخ دەڕۆیت، بە درێژایى رێگایەکى دوو ساید، بارهەڵگرەکان سەریان تێکناوە و بەسێ رۆژ و چوار رۆژ دەمێننەوە تا دەتوانن لە شوێنەکە دەربچن، هەر لەو دەورووبەرەش سەرئاو دەکەن، پزیشکێکێش مەترسییە تەندروستى و ژینگەییەکانى ئەو حاڵەتە رووندەکاتەوە.
بەهۆى مانەوەى زۆر، شۆفێرانى بارهەڵگرەکان توشى گرفت بوون، وەکخۆیان دەڵێن، نە دەشتشۆریان هەیە و نە توالێت و نە شوێنى نانخواردن.
رەحیم ستودە، شۆفێری بارهەڵگرە و خەڵکی شاری مەریوانە، قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت: چوار رۆژە لەسەر ئەو رێگایە ماومەتەوە، لێرەش نە خواردنێکى پاک هەیە و نە دەشتشۆ و نە تەوالێت.
ماوەیەکە بە بڕیارێکی دەروازەی سنووری باشماخ لە دیوی سنوری رۆژهەڵاتی کوردستان، وەرگرتنی بارهەڵگر و تانکەر کەمکراوەتەوە و بەوەش جەنجاڵی و قەرەباڵغی لەسەر رێگای خێرای باشماخ دروست بووە.
دکتۆر خالید عەبدوڵا پزیشکی پسپۆڕ و شارەوازی بواری تەندروستی بە 964ـی راگەیاند، بە بێ بوونی یەک تەوالێت هەزاران شۆفێر و هاوەڵەکانیان لەکوێ کاری دەستشۆری ئەنجام دەدەن؟، بەبێ بوونی تەوالێت دەبێت بچنە دەشت و قەراغ جادەکە و ئەوەش کێشەی تەندروستی و بڵاوبوونەوەی کۆلێرا و پیس بوون دروست دەکات.
وتیشی،” دەبێت لایەنی پەیوەندیدار چارەسەری کێشەکە بکەن پێش ئەوەی کارەساتی ژینگەی و تەندروستی رووبدات، چونکە هەر بەتەنها پاشماوەی مرۆڤەکان کێشە نین، بەڵکو پاشماوەی تانکەر و بارهەڵگرەکان گەورەترین گرفتن بۆ ژینگەی پێنجوێن”.
پێداچوونەوە : وریا فەتاح