مۆندیالی 964

چیتر نەیمار حەقی نییە نوزە نوز بکات


ئەرسەلان عەبدوڵا

ئیتر پێویست ناکات چیتر نەیمار دا سێلڤا نوزە نوز بکات و بۆ گەڕانەوە بۆ هەڵبژاردەی بەڕازیل بپاڕێتەوە، ئەوەتا دواجار میستەر ئەنچیلۆتی، راهێنەری هەڵبژاردەی بەڕازیل، خەونەکەی نەیماری کردە راستی و جارێکی دیکە بانگهێشتی پێکهاتەی هەڵبژاردەی سامبای کردەوە، بەڵکو بتوانێت خۆی بسەلمێنێت و بەشداریی مۆندیال بکات.

ئەنچیلۆتی لیستی بەرایی یاریزانانی بەرازیلی بۆ مۆندیال راگەیاند، کە 55 یاریزانن، بەڵام خۆ هەموویان ناچنە مۆندیالی 2026 و لە لیستی کۆتاییدا 26 یاریزان دەمێننەوە و ناونووس دەکرێن.
نەیمار کە دیارترین یاریزانی ئەم ساڵانەی دوایی بەڕازیلە، لە 2023ـەوە لە هەڵبژاردەی وڵاتەکەی دوورە و ئیتر چەند ساڵێکە بە دەست پێکانی یەک لەدوای یەک دەناڵێنێت و رۆژێک ساغە و 10 رۆژ لە نەخۆشخانەیە.

ئێستا نەیمار لەسەریەتی ئاستبەرزیی خۆی بسەلێمنێت و ئامادەیی خۆی بۆ مۆندیال دووپات بکاتەوە، چونکە قسە لەوسەرەوە خۆشە و میستەر ئەنچیلۆتی پێشتر تۆپەکەی فڕێداوەتە مەلعەبی یاریزانان و وتی، لای من ئەستێرە و پۆزلێدان و شتی وا نایخوا ، هەر یاریزانێک 100 لە 100 ئامادەیی جەستەیی نەبێت، چاوی بە مۆندیال ناکەوێت.

نەیمار لەم ماوەیەدا ئاستێکی بەرز لەگەڵ یانەی سانتۆس پێشکەش دەکات و یارمەتی تیپەکەی داوە لە دابەزین لە خولی بەڕازیل خۆی دەرباز بکات، بەراستیش نەیمار ئەگەر تەندروستی باش بێت، یاریزانێکی سوپەرە و سەرکردەی تیپەکەیەتی، بەڵام کێشەی ئەو کوڕە زۆرە و زوو زوو پێکانی تووش دەبێت، جگە لەوەش بەینی خۆمان بێ، کێشەی دیکەشی هەیە و شەوان لە دیسکۆ و باڕەکان رۆژ دەکاتەوە و لەگەڵ ژنەکەی جارجار کێشەی هەیە، جگە لەوەش قومارچییەکی پیسە و بە لایڤ و بە ئاشکرا قومار دەکات.

ئیتر ئێستا نەیمار چیتر کاتی لەبەردەستدا نەماوە و مۆندیال کەمتر لە مانگێکی ماوە دەستپێبکات، دەبێت خۆی ماندوو بکات و خۆیشی بپارێزێت، بۆ ئەوەی بە توانا و لیاقەیەکی باشەوە بۆ مۆندیال ئامادە بێت و ئەنچیلۆتیش شوێنێکی لە هەڵبژاردەکەی بۆ بکاتەوە، ئەگەرنا چ هەقی گلەیی و قسەی بن دیوارانی بۆ نامێنێت.

با بزانین نەیمار چی دەکات!