پیری عەلی جۆڵای لە شێوەکاری رانەگرتووە
سەندیکای هونەرمەندان هونەرمەندە بە ئەزموونەکان بەسەردەکاتەوە
964+
دیلان محەمەد- سلێمانی
پاش نیو سەدە خزمەتکردن بە هونەر، لە پانێڵێکی تایبەتدا عەلی جۆڵای شێوەکار چیرۆکی سەرکەوتن و شکستەکانی گێڕایەوە و خوێندکارەکانیشی تا ئێستا سەردانی دەکەن.
سەندیکانی هونەرمەندانی کوردستان ماوەیەکە دەستیداوەتە پڕۆژەیەکی نوێ، ئەویش سازکردنی زنجیرەیەک پانێڵە بۆ ئەو هونەرمەندانەی ساڵانێکە خزمەت دەکەن و ئێستا چوونەتە تەمەنەوە بەبێ جیاواز لەنێوان شارەکان، نیاز نوری سەرۆکی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان بۆ 964 وتی، هەموو هونەرمەندان لە بوارەکانی شانۆ و موزیک و نواندن دەگریتەوە، دەمانەوێ شارەکانی هەولێر و دهۆک و هەڵەبجەش بگرێتەوە”.
پانێڵی ئەمجارەیان دەربارەی ژیانی عەلی جۆڵا بوو کە وەک باسی دەکات پیری کۆڵی پێنەداوە و چۆن نان دەخوات ئاوهاش کاردەکات و زیاتر لە 50 ساڵە تابلۆ دەکێشێت، هەرچەندە خانەنشین بووە، بەڵام خوێندکارەکانی لەیادیان نەکردووە و سەردانی دەکەن.
پێداچوونەوەی : پەری ساڵح