پارێزگاری هەولێر:

“هەر كەسێک نرخی غازی حكومی گران بكات ئیجرائاتی لەگەڵدا دەكەین”

ئەرسەلان عەبدوڵا

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، نرخی غازی پاڵپشتیكراو لە لایەن حكومەتی هەرێمەوە هەر وەك خۆیەتی، بۆیە ئەوەی لەسەر هاوڵاتیان گرانی بكات، ئیجرائاتی لەگەڵ دەكەن.

ئومێد خۆشناو ئەمڕۆ شەممە 1.3.2025 لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا باسی ئەوەی كرد، “هیچ كێشەیەك نییە لە دابینكردنی غاز بۆ هاوڵاتیان، بۆیە نرخی غازی پاڵپشتیكراو لە لایەن حكومەتەوە وەك خۆیەتی، هەر بریكار و فرۆشیارێكیش نرخەكەی لەسەر هاوڵاتیان گران بكات، ئیجرائاتی لەگەڵدا دەكەین، بەڵام بۆ نرخی غازی بازرگانی لە بازاڕدا، ئەوە رەنگە گران بووبێت”.

هەروەها ئاشكرای كرد، خەریكن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان كۆبوونی ئەلیكترۆنی تایبەت بە سووتەمەنی دەهێننە ئاراوە، كە هاوڵاتیان دەتوانن بۆ دابینكردنی سووتەمەنی بە ئاسانی سوودی لێوەربگرن.

هەروەها سەبارەت بە ئەگەری گرانكردنی نرخی كەلوپەل لە بازاڕەكانی هەولێر، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لەمبارەیەوە چەند بڕیارێكمان دەركردووە و داواكارین بازرگانان و خاوەن ماركێت و سوپەرماركێتەكان پێوەی پابەندبن، چونكە هەر كەسێك كەلوپەل و پێداویستی هاوڵاتیان گران بكات، بە تایبەتی لەم مانگەدا، ئیجرائاتی توندی لەگەڵ دەكەین و ناوەكانیشیان بڵاودەكەنەوە.

قسەكانی ئومێد خۆشناو بۆ میدیا، لە هەڵمەتی پاكڕاگرتنی مزگەوتەكانی هەولێر بوو، كە ئەمڕۆ دەستیپێكردووە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی، سەر بە شارەوانیی هەولێر رێكخراوە.