
بیرە نەوتێک لە کەرکوک _ وێنە: ئاژانسەکان
باسی هەناردنەکردنەوەی نەوتی کوردستانە
نەوتی عێراق و سامانە سروشتییەكان و ئەپیكۆر كۆدەبنەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتی نەوتی عێراق رۆژی سێشەممەی داهاتووی وەک وادەیەک بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان دیاریكردووە، بۆ تاوتوێکردنی پرسەکانی پەیوەست بە گرێبەستە ئەنجامدراوەکان و گەیشتن بە لێکتێگەیشتن دیاریی كردووە.
وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ شەممە 1.3.2025 راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەكەن، وەزارەت بانگهێشتنامەیەکی ئاراستەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم کردووە بۆ ئەوەی رۆژی سێشەممەی داهاتوو بێنە بەغدا بەمەبەستی تاوتوێکردنی ئەو پرسانەی پەیوەستن بەو گرێبەستانەی، کە ئەنجامدراون، بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێک، کە دەبێتە هۆی پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان بە باشترین پراکتیزە نێودەوڵەتییەکان و بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندی نیشتمانی بکات”.
هەروەها هەر لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە، “بانگهێشتنامەیەکیشمان بۆ کۆمپانیا بیانییە نێودەوڵەتییەکانی سەر بە (ئەپیکۆر) ناردووە، كە گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە بۆ پەرەپێدانی کێڵگەکانی هەرێم، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لە بارەی گرێبەستە نەوتییەكان بكەن و بگەنە رێككەوتن.
ئەم بانگهێشتانەی وەزارەتی نەوتی عێراق دوای ئەوە دێت، کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان “ئەپیکۆر”، دوێنێ لە پێگەی خۆیان لە تۆڕی ئێكس لە بڵاوکراوەیەکدا وتیان، کۆمپانیاکانی ئەندامی “APIKUR” ئامادەن دەستبەجێ دەست بە هەناردەکردنی نەوتی كوردستان بکەنەوە، هەر کە رێککەوتنی فەرمی کرا بۆ دابینکردنی گەرەنتی پارەدان بۆ هەناردەکردنی رابردوو و داهاتوو، کە لەگەڵ مەرجە یاسایی و بازرگانییە گرێبەستییەکانی ئێستاماندا بگونجێت.
چاوەڕوان دەكرێت لەم چەند رۆژەدا هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە دەستپێبكاتەوە، كە لە ئاداری 2023یەوە وەستاوە.