
چەند بەرزکەرەوەیەک
لە کاتی بومەلەرزە گونجاوە بەرزکەرەوە (مەسعەد) بەکاربهێنین؟
964+
ئەم بابەتە لە لایەن ئەندازیار هیمداد مستەفا نوسراوە
بەهۆی ئەوەی مەسعەدەکان بۆ گواستنەوەی ستوونی دروستکراون و بە دیواری باڵەخانەکانەوە جێگیرکراون، بۆیە جووڵەیان بۆ هاتوچۆی ستوونی بە تەواوی رێکدەخرێت و توانای هیچ جووڵەیەکی ئاسۆییان نییە.
بومەلەرزە زیاتر جووڵەی ئاسۆیی توشی بیناکان دەکات بەمەش مەسعەدەکان لەو کاتەدا بۆ لای (راست و چەپ و پێشەوە و دواوە) دەجووڵێن بە هەمان خێرایی سەرکەوتن و هاتنە خوارەوە، لەم کاتەدا بە هۆی جووڵەوە کێشەی کارەبایی روودەدات و ناتوانرێت پێوانەی بەرزییەکان بە تەواوی بخوێنێتەوە لە هەستەوەری نهۆمەکان، هەروەها کێشەی گەورە لە میکانیک روودەدات لەبەرئەوەی جیاوازی دووری پارچە میکانیکیە جووڵاوەکان لەگەڵ وەستاوەکان لەگەڵ بەشی پێشەوە تەنیا 11 ملیمەترە، لە تەنیشتەکانەوە تەنیا 30 ملیمەترە، لە پشتەوە لەگەڵ هاوسەنگەکان کە لە جووڵەدان بە ئاڕاستەی پێچەوانەوە نێوانیان 70 ملیمەترە.
هەستەوەرەکان بە ناو ئاستەرێکی وەستاو لە دیوارەکانەوە دەجووڵێن لە سێ لاوە، لە هەر لایەکی 15 ملیمەتر دوورە بە دەوریان بە هەر لایەکدا بەریەککەوتن روودەدات بە دەوریاندا سیمی رێکخەری خێرایی (پەڕەشوت) هەیە.
بەهۆی ئەو جووڵە ئاسۆییانەوە ئەم پەڕەشوتە چالاک دەبێت و بە تەواوی مەسعەدەکە بلۆک دەبێت، بەمەش گیرخواردن لەناویدا روودەدات ئەگەر بومەلەرزەکە زۆر بەهێز بێت و بگاتە 5 پلەی رێختەر ئەوا ئەگەری زۆری هەیە سیمەکان لەناو کەناڵەکانی خۆیان دەربچن، ئەمەش ئەو پەڕی مەترسییە بۆ بەکارهێنان.
لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت، بە ستانداردی ئەوروپی (20-EN81) نابێت مەسعەد لە کاتی بومەلەرزەدا بەکاربهێندرێت، چونکە مەترسی بومەلەرزەکە زیاتر دەبێت لە ناو مەسعەد تاوەکو لەناو بیناکە.
دوو حاڵەت هەیە بۆ بەرزکەرەوەکان تاوەکو لە بومەلەرزەکان پارێزراوبن
یەکەم: بە شێوەیەکی مانوێل ئەمە کۆنتڕۆڵکردنی ئەستەمە لەبەرئەوەی سروشتی بومەلەرزە کتوپڕە.
دووەم: بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی لە رێگای جێگیرکردنی سیستمێکی دیاریکراوی بومەلەرزە لە مەسعەدەکان کە تایبەتە بە کاتی روودانی بومەلەرزە تاوەکو پلەیەکی دیاریکراو بەپێی خێرایی مەسعەدەکە و بەرزی بیناکە رێگە دەدات مەسعەدەکە کاربکات، کە لەم پلەیەی بومەلەرزە دەرچوو، بە تەواوی مەسعەدەکە کە لە شوێنێکی گونجاو دەوەستێنێت ئەم سیستمە زیرەکە لەگەڵ کۆنتڕۆڵی مەسعەدەکان دەبەسترێت لەگەڵ دیوارەکانی تەنیشت مەسعەدەکە لە بەشی سەرەوەی بیناکە لەناو شەفتەکانیان.
بە هیوای هەمیشە سەلامەتی بۆ هەموو مرۆڤایەتی.