ئەندامانی کۆمەڵەی پیشەسازان و خاوەنکارانی نێودەوڵەتی (USIAD)
بە دوای هاوبەشی بازرگانیدا دەگەڕێن
ئەندامانی کۆمەڵەی پیشەسازان و خاوەنکارانی نێودەوڵەتی (USIAD)لە هەولێرن
ئەرسەلان عەبدوڵا
شاندێكی کۆمەڵەی پیشەسازان و خاوەنکارانی نێودەوڵەتی (USIAD، کە پێکهاتبوون لە ژمارەیەک خاوەنکار و کۆمپانیای سێکتەری جیاوازی شارەکانی تورکیا، سەردانی هەولێریان كردووە و بە دوای هاوبەشی بازرگانیدا دەگەڕێن.
لەمبارەیەوە كامەران محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە 27.2.2025 بە 964ی راگەیاند، شاندەكە بە سەرۆكایەتی نەواف کلیچە و ئەمڕۆ سەردانی ژووری بازرگانیی هەولێریان كرد.
وتیشی، “ئێمە وەک ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر هەمیشە هەوڵمانداوە ئاسانکاری زیاتر بۆ کۆمپانیاکانی وڵاتان، بە تایبەت تورکیا بکەین کە لقەکانیان لە شاری هەولێر بکەنەوە، جگە لە بوونی دەرفەتی کار و وەبەرهێنان و ئارامی و سەقامگیری”.
ئاماژەی بەوەش دا، شاندی خاوەنكارانی نێودەوڵەتی بە گشتی لەگەڵ 16 كۆمپانیای عێراق پەیوەندییان هەیە، بەڵام وەك خۆیان باسیان كرد، سەرنجیان لەسەر شاری هەولێرە و بۆ ئەوان جێی بایەخە، بۆیە ئێستا ئەوان لە رێگەی ژووری بازرگانیی هەولێرەوە بە دوای هاوبەشی بازرگانیدا دەگەڕێن و ئامادەیی خۆیان پێشانداوە بۆ كاركردن و هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان.