بانگەوازەكە ئەرێنییە

مەزڵوم عەبدی: پەیامەكەی ئۆجەلان پەیوەندی بە ئێمەوە نییە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات “هەسەدە” مەزڵوم عەبدی پێشوازی لە پەیامەكەی ئۆجەلان كرد، بەڵام رایگەیاند، ئەو پەیامە پەیوەندی بە هەسەدە نییە و تایبەتە بە پارتی كرێكارانی كوردستان.

مەزلوم عەبدی ئەمڕۆ لە وەڵامی رۆژنامەنووسانی ئەمریكا بە ئۆنلاین قسەی كرد و رایگەیاند، ئەگەر ئاشتی لە توركیا بەرقرار بێت، مانای وایە هیچ بیانوویەك نییە هێرشەكان بۆ سەر ئێمە لە سوریا بەردەوام بێت”.

سەبارەت بە پەیامەكەی رێبەری پارتی كرێكاران، عەبدی وتی، “ئەو پەیامە پەیوەندی بە پارتی كرێكارانی كوردستانەوە هەیە تەنیا، هیچ پەیوەندی بە ئێمە نییە لە سوریا”.

فەرماندەی هەسەدە وتیشی، بانگەوازەكە ئەرێنییە، چونكە داوای كۆتاییهێنان بە شەڕ و دەستپێكردنی پرۆسەی سیاسیی ئاشتیانە لە ناو توركیا دەكات.

لەوەتەی هێزەكانی سوریای دیموكرات دامەزراوە، حكومەتی توركیا پێی وایە ئەوان لە پەكەكەوە نزیكن و بەشێكن لەوان، بەڵام فەرماندەكەیان ئەمڕۆ رایگەیاند، پەیامەكەی ئۆجەلان بۆ چەكدادانی گەریلا، هیچ پەیوەندی بەوانەوە نییە.

عەبدوڵا ئۆجە*لان سەرۆكی زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 27.2.2025 لە پەیامێكی مێژووییدا، كە لە لایەن شاندی دەم پارتییەوە بۆ ئێمراڵی، لە ئیستەنبوڵ پێشكەشیان كرد، داوای لە حزبەكەی كرد كۆنگرە بكەن و خۆیان هەڵبوەشێننەوە و چەك دابنێن.

“هەسەدە”

هێزەكانی سوریای دیموكرات “هەسەدە” لە 2015ەوە پێكهێنراوە و هێزێكی سەربازی و سیاسییە لە سوریا، لە كۆمەڵێك پێكهاتەی ناوخۆی سوریا پێكهێنراوە، بەڵام مۆركێكی كوردی بەسەریدا زاڵە و بارەگای سەرەكییان لە قامیشلۆیە، لە چەند شار و ناوچەیەكی سوریاش باڵادەستن، بە تایبەتی حەلەب، حەسەكە، رەققە و دێرزوور و چەند ناوچەیەكی دیكە.

هەسەدە شەڕی داعشی كرد، ئێستاش لایەن ئەو هێزانەی سەر بە توركیان لە سوریا، دژایەتییان دەكرێت و لەگەڵ حكومەتی كاتیی سوریاش هێشتا هیچ رێككەوتنێكیان نییە.