964 لەوێیە
لە قەزای حەویجە 34 هەزار كەس بێسەروشوێنن
964+
كاروان ساڵحی – حەویجە
لە قەزای حەویجەی سەر بە كەركوك، بە قسەی دانیشتووانی ئەوێ چەكدارانی داع*ش* 34 هەزار كەسیان كوشتووە یان بێ سەروشوێنن، هەشت گۆڕی بەكۆمەڵیش لەوێ هەن و چواریان هەڵدراونەتەوە.
چەكدارانی رێكخراوی داع*ش لە سەردەمی دەسەڵاتیاندا لە 2014 تا 2017 لە قەزای حەویجە 34 هەزار هاوڵاتییان كوشتووە و زۆرینەشیان بێسەروشوێنن، كەسوكاری ئەو هاوڵاتییانە داوا دەكەن ئەو چەكدارانەی داعش كە لە گرتوخانەكانن بەر لێبوردنی گشتی نەكەون بۆ ئەوەی كێشەی گەورەتر دروست نەبێت.
964 سەردانی حەویجەی كرد و كاری تیمەكانی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی بینی.
ئەسعەد مستەفا خەڵەف دانیشتووی ناحیەی عەباسی بە 964ـی وت، ئێمە كەسوكاری بێسەروشوێنەكانین لە ماوەی سێ ساڵی دەسەڵاتدارانی چەكدارانی داع*ش* نزیكەی 34 هەزاری رۆڵەی ئێمەی بێسەروشوێن كرد، زۆربەیان سەربازی سوپا و حەشدی شەعبی و سەحوە و كارمەندی هێزە ئەمنییەكان بوون، ئەسعەد دەڵێت، باوكم یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی هێزەكانی سەحوە، لەگەڵ دوو ئامۆزام و دوو ئامۆزای باوكم بێسەروشوێنن.
“جیا لە گۆڕە بەكۆمەڵەكانی سەربازگەی بەگارە، هێشتا چەند گۆرێكی بەكۆمەڵ لە دارستانی تەلبەعیر و هەروەها لە بیرە ئاوەكانی ناحیەی عەباسی ماون، داواكارین لە سەرۆك وەزیرانی عێراق بەهیچ شێوەیەك ئەوانەی ئێمەیان ئاوارە كرد و دەستیان بە خوێنی هاوڵاتیان سوورە ئازاد نەكرێن، چونكە ئەوان دەگەڕێنەوە ئەو ناوچەیە و ئێمە چۆن بتوانین لەگەڵیان بژین”، ئەسعەد مستەفا وادەڵێت.
زەڕغام كامیل یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی عێراق لەگەڵ تیپەمەی خەریكی هەڵدانەوەی گۆڕەكان و وەرگرتنی سەمپڵی خوێنی كەسوكاری بێسەروشوێنەكانن، ئەو بە 964ـی وت، تیمی حكومی كە پێكهاتووە لە دەزگای شەهیدان، فەرمانگەی چاودێریكردنی گۆڕە بەكۆمەڵەكان و بێسەروشوێنەكان و وەزارەتی تەندروستی، لە دوێنێیەوە دەستمان كردووە بە وەرگرتنی سەمپڵی خوێن لە بنەماڵەی ئەو هاوڵاتییانەی كە رۆڵەكانیان بێسەروشوێنن”.
وتیشی، تا ئێستا لە سەربازگەی بەگارە لە كۆی هەشت گۆڕ، چواریان هەڵدراونەتەوە، زیاتر لە 100 رووفاتیان تێدا بووە و رەوانەی پزیشكی دادی بەغدا كراون، جیا لە گۆڕێكی دیكە لە گوندی موسەنەعە، كە دۆزراوەتەوە”.
تیمی هەڵدانەوەی گۆڕەبەكۆمەڵەكان لە چەند ناوچەیەكی عێراق كار دەكەن، بە تایبەتی لە حەویجە و شنگال، بۆ دۆزینەوەی بێسەروشوێنەكانی سەردەمی دەسەڵاتی داعش و یەكلاكردنەوەی ناسنامەكانیان.
تا ئێستا بە هەزاران هاوڵاتی بەهۆی شەڕ و داگیركاری رێكخراوی داعش بێسەروشوێنن، بە تایبەتی لەو ناوچانەی كە ئەوان داگیریان كردبوو.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا