"دەتوانین ناوی بنێین تەماتەی 964"
تەماتەی هایبرێد لە فێستیڤاڵی “پێنجوێن دڵی کشتوکاڵی کوردستانە” نمایش کراوە
بڕوا مەجید – پێنجوێن
کۆمپانیایەک چەندین جۆر تەماتەی لە فێستیڤاڵی “پێنجوێن دڵی کشتوکاڵی کوردستانە” نمایش کردووە کە یەکێکیان ناوناوە تەماتەی هایبرێد و دەڵێن، “دەتوانین بە ناوی 964ـیشەوە تەماتە بەرهەم بهێنین”.
هێمن ئەحمەد فرۆشیار لە کۆمپانیای رامی بە 964ـی وت، “ئێمە تۆوی تەماتە و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە کۆمپانیاکان و جوتیاران بە کۆد وەردەگرین، لە کوردستان تاقی دەکەینەوە و ئەگەر ئەنجامی باشی هەبوو، دەیخەینە بازاڕەوە”.
“یەکێک لە تەماتەکان ناوی هایبرێد 2028ـە، تایبەتە بە کۆمپانیاکەی خۆمان و رەنگێکی سوور و جوانی هەیە و پڕبەرهەم بووە، بۆیە جوتیارەکان بەدڵیان بووە و زۆر لێ رازین”، هێمن ئەحمەد وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، تۆوەکان لە کۆمپانیا رەسەن و بەئەزموونەکان وەردەگرن و دواتر کە تاقیکرانەوە و باش دەرچوون، دەینێرنەوە بۆ هەمان کۆمپانیا و بەدڵی خۆیان ناوی دەنێن، بۆ نموونە دەتوانن ناوی بنێن، “تەماتەی 964”.
فێستیڤاڵی “پێنجوێن دڵی کشتوکاڵی کوردستانە” بەبەشداری 100 جوتیار و فرۆشیار لە دوێنێوە دەستیپێکردووە و سبەینێش بەردەوام دەبێت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری