ئاڵای هەرێمی کوردستان و ئاڵای کۆماری عێراق _ وێنە: ئەرشیف
قسەی وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر نەوتی هەرێم
“چاوەڕوانی وەڵامی تورکیاین تا لە 24 کاتژمێری داهاتوو هەناردەی نەوت بکەین”
964+
ئەحمەد مستەفا
وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێ، لە قۆناغی یەکەمدا رۆژانە نزیکەی 185 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستان وەردەگرن، ئەوەش لە پاش ئەوەی ئەمڕۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم وتی، لەگەڵ وەزارەتی نەوت رێککەوتوون.
هەرێمی کوردستان رەزامەندی دەربڕیوە بە رادەستکردنی نەوت، وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵی، ئەوان چاوەڕوانی وەڵامی تورکیان، تا لە 24 کاتژمێری داهاتوو هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە.
وەزارەتی نەوتی عێراق، لە بارەی گفتوگۆکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەربارەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ دەڵێت، لە قۆناغی یەکەم رۆژانە 185 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە دەکەن.
وەزارەتەکە باسی لەوەکردووە، بە گوێرەی رێککەوتنەکانیان بە کۆی گشی، 300 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستان وەردەگرن، بەشێکی بۆ پێداویستی ناوخۆ بەکاردەهێنن و ئەوەی دیکەشی لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردە دەکەن.
هەر ئەمڕۆ، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان وتبووی، تیمێکی تەکنیکیی هاوبەش بەمەبەستی پشکنینی بۆرییەکانی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لەنێوان هەردوولادا پێک هێنراوە و پابەندبوونی خۆیان بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی دووپات دەکەنەوە.
رۆژی شەممە 22.2.2025، کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتى کوردستان (ئەپیکور)، ئامادەیى کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمی کوردستان پیشاندا، بەڵام مەرجى هەیە و دەڵێت، پێویستە گرێبەستی کارکردنیان لەبەرچاو بگیرێت.
دوای تێپەڕبوونی 22 مانگ بەسەر راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بڕیارە “بەمنزیکانە” هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە.