کێڵگەیەکى نەوت لە هەرێمی کوردستان _ وێنە: ئاژانسەکان
تیمێکی تەکنیکی پێکهێنراوە
سامانە سروشتییەکان: لەگەڵ بەغدا لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت رێککەوتین
ژووری هەواڵ
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی نەوتی حکومەتی عێراق لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان رێککەوتن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 23.2.2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “دوای پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان هەردوو وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێککەوتین لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بەپێی بڕی بەردەست”.
وەزارەتەکە راشیگەیاندووە، تیمێکی تەکنیکیی هاوبەش بەمەبەستی پشکنینی بۆرییەکانی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لەنێوان هەردوولادا پێک هێنراوە و پابەندبوونی خۆیان بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی دووپات دەکەنەوە.
دوێنێش، کۆمەڵەی پێشەسازی نەوتى کوردستان (ئەپیکور)، ئامادەیى کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێم پیشاندات، بەڵام مەرجى هەیە و دەڵێت، پێویستە گرێبەستی کارکردنیان لەبەرچاو بگیرێت.
دوای تێپەڕبوونی 22 مانگ بەسەر راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بڕیارە “بەمنزیکانە” هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە.