لە نێوان هەولێر و سلێمانى جیاوازى هەیە
سەرەڕای بڕیارەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان؛ نرخی بەنزین هەر بەرزە
ئەحمەد شەمزین- هەولێر
ئەحمەد محەمەد- سلێمانى
لەگەڵ تێپەڕبوونی چوار رۆژ بەسەر بڕیارێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ رێگەدان بە هاوردەکردنی بەنزین لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە، هێشتا نرخی بەنزین لە بەنزینخانەکانی هەرێمی کوردستان بە بەرزی ماوەتەوە، لە هەمان کاتدا جیاوازییەکی بەرچاو لە نرخی سووتەمەنی لە نێوان پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی بەدی دەکرێت.
رۆژی 2ی ئەم مانگە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی کۆنترۆڵکردن و دابەزاندنی نرخ، بڕیاریدا بازگەکان رێگە بە بازرگانان بدەن بەنزین لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان بکەن. بەڵام تا ئێستا ئەم بڕیارە نەبووەتە هۆی هەرزانبوونی بەنزین.
بەپێی بەدواداچوونی پەیامنێرانمان لە هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی، نرخی یەک لیتر بەنزین لە ئێستادا بەم شێوەیەیە:
نرخى بەنزین لە هەولێر:
سوپەر: 1600 دینار
موحەسەن: 1500 دینار
نۆرماڵ: 1160 دینار
نرخی بەنزین لە سلێمانی:
سوپەر: 1400 دینار
موحەسەن: 1250 دینار
نۆرماڵ: 1050 دینار
بەراوردکردنی نرخەکان دەریدەخات کە نرخی سەرجەم جۆرەکانی بەنزین لە هەولێر بەراورد بە سلێمانی گرانترە، بەم شێوەیە:
بەنزینی سوپەر: لە هەولێر 200 دینار گرانترە لە سلێمانی.
بەنزینی موحەسەن: لە هەولێر 250 دینار گرانترە لە سلێمانی.
بەنزینی نۆرماڵ: لە هەولێر 110 دینار گرانترە لە سلێمانی.