کاری تیمە تەندروستییەکان لە کێڵگە و لەوەڕگاکان _ وێنە: INA
بەدواداچوون کراوە
پەڕلەمانتارێکی عێراق: ئاژەڵی دەرەوە ئەوانەی خۆمانیان نەخۆش خستووە
964+
ئەحمەد مستەفا
بەپێی لێکۆڵینەوەکان ئەوە روون بووەتەوە، کە هاوردەکردنی ئاژەڵی ناتەندرووست لە چەند مانگی رابردوودا هۆکاری سەرەکیی بووە بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەناو ئاژەڵاندا لە عێراق.
چەند رۆژێکە ژمارەیەک خاوەن ئاژەڵ لە ناوچەکانی عێراق، بەدەست نەخۆشی تەبەق و ژمارەیەک پەتای ئاژەڵی دەناڵێنن.
جگە لەوەی تیمە تەندروستییەکان، بەردەوام پشکنین بۆ دەم و ددانی ئاژەڵەکان دەکەن، کە گومانی بەهێزی نەخۆشییە نوێکەی ئاژەڵانە، دەستیان کردووە بە کردنەوەی خول و وۆرک شۆپ بپ خاوەن ئاژەڵەکان، وەزارەتی کشتوکاڵ ئەمەی وەک چارەسەر سەرەتایی داناوە.
سائیر جبوری، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ لە پەڕلەمانی عێراق بە نوێنەری دەزگا میدیاییەکانی وتووە، بەپێی لێکۆڵینەوەکانمان لە دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی مرداربوونەوەی ژمارەیەکی زۆر لە مەڕوماڵات لە بەغدا و پارێزگاکانی عێراق، هەروەها لێپرسینەوە لەگەڵ بەخێوکەرانی ئاژەڵ، ئەوە روون بووەتەوە کە هاوردەکردنی ئاژەڵی ناتەندرووست لە چەند مانگی رابردوودا هۆکاریی سەرەکیی ئەو حاڵەتە بووە.
وەزارەتی کشتوکاڵ بەرپرسیارێتیی راستەوخۆی ئەو کێشەیەی خراوەتە ئەستۆ و بەوپێیەی ئەو وەزارەتە و بەشی ڤێتێرنەری، دەبێت پشکنینی تەواوی ئەو ئاژەڵانە بکەن کە دێنە ناو وڵاتەكەوە، جبوری دەڵێ، لە ماوەی رابردوودا چەندین ئاژەڵ بە هەڕەمەکی و بەبێ ئەوەی پشکنینیان بۆبکرێت هاوردەی عێراق کراون، هەر ئەمەش بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە و دەرئەنجامی نەرێنیی لێکەوتووەتەوە.