چاوەڕێی ڕێگەچارەیەک دەکەن

کارەبای حەوزە ماسییەکانی خانەقین بڕاوە و خاوەنەکانیان سەرگەردان بوون

ڕاژان باجەڵان – خانەقین

ماوەی چوار رۆژە کارەبای زیاد لە 13 حەوزی ماسی دەوروبەری خانەقین بڕاوە و ئەگەری لەناوچوونی ماسییەکان هەیە.

جەواد فەیزوڵڵا قایمقامی خانەقین بە 964ی وت، لە خانەقین 80 حەوزی ماسی هەیە و بڕیاری بڕینی کارەبایان بۆ دەرچووە بۆ لەناوبردنی ئەم حەوزانە چونکە بەشی هەرەزۆریان زیادەڕۆن و حکومەت ناتوانێت بەرگری لە هیچ کارێکی نایاسایی بکات.

عەبد ئیسماعیل خاوەن سێ حەوزی ماسییە بۆ 964ی گێڕایەوە ، حەوزەکانی زیاد لە 3500 ماسی تێدایە و زۆربەیان کێشیان خوار کیلۆیەکە و بۆ فرۆشتن ناشێن، ئێستاش لەگەڵ بڕینی کارەباکە رۆژانە ماسی دەمرن و سەرئاو دەکەون و سەرەڕای ئەوەی مۆلیدەی تایبەت بە خۆی داناوە و رۆژانە چەند کاتژمێرێک توانای بەکارهێنانی هەیە و ئێستا تەنها داوای چوارمانگ مۆڵەت لە قایمقام دەکەن بەڵام رازی نابێت

خاوەن حەوزی ماسییەکان بێ دەسەڵات دانیشتوون و چاوەڕێی ڕێگەچارەیەک دەکەن کە تا ئێستا دیار نییە بۆ پاراستنی سەروەتی ماسی لە سنورەکە و بەشێکیان بڕوایان وایە کە ئەمە تەنها پلانێکە بۆ هاوردەکردنی ماسی لە وڵاتانی دراوسێ.