نێچیرڤان بارزانى و پەروین بوڵدان..وێنە: سەرۆکایەتى هەرێم
لەگەڵ شاندى ئیمراڵى کۆبووەوە
سەرۆکى هەرێم: بۆ هەموو هاوکارى و پشتگیرییەکى پرۆسەى ئاشتى لە تورکیا ئامادەین
وریا فەتاح
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دواى کۆبوونەوەى لەگەڵ شاندى ئیمڕاڵى راگەیەنراوێکى بڵاوکردەوە و پشتیوانى خۆیشى بۆ بەرەوپێشچوونى پڕۆسەى ئاشتى لە تورکیا دەربڕى.
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە، نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان، لە هەولێر پێشوازیى له شاندى ئيمراڵی كرد، کە پێکهاتبوون لە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی، سری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، گوڵجان کاچماز ساییغیت و محەممەد کاماچ، پەرلەمانتارانى دەمپارتى و شاندێکى یاوەریان.
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتی هەرێمى کوردستان، نێچیرڤان بارزانى، پڕۆسەکەى بە دەرفەتێکى گرنگ و مێژوویى لە قەڵەمداوە کە پێویستە هەمووان کار بۆ سەرخستنى بکەن.
هەروەک باسى لەوەشکردووە، هەر لەسەرەتاوە کاریان کردووە بۆ ئەوەى پڕۆسەى ئاشتى بێتە ئاراوە و کێشەکان بە ئاشتیانە چارەسەر بکرێن.
بەپێى راگەیەنراوەکەى سەرۆکایەتى هەرێم، نێچیرڤان بارزانى وتویەتى،”ئەزمون سەلماندویەتى شەڕو چەک هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکەن، بۆیە هیواخوازم کە پەکەکە ستراتیژیانە لە پڕۆسەکە بڕوانێت و ئەم دەرفەتە لەدەست نەدەن”.
لە راگەیەنراوەکەدا باس لەوەشکراوە، شاندى ئیمڕاڵى سڵاوى تایبەتى ئۆجەلانیان بە نێچیرڤان بارزانى گەیانجووە و پێزانینیان بۆ رۆڵى نێچیرڤان بارزانى دەربڕیوە لە پڕۆسەى پێشتر و ئێستاى ئاشتیدا.