لە کەرکوک
سەرۆکی باندی سواڵکەرەکان بە ئۆتۆمبێلێکی جێب لاریدۆوە دەستگیرکرا
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
سەرۆکی ئەو باندە دەستگیر کرا کە بەناوی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ نەخۆش لە ناوڕاستی شەقامەکانی شاری کەرکوک پارەیان کۆ دەکردەوە، دەرکەوتووە سەرۆکی گەورەترین باندی سواڵکردنە.
سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی فریاکەوتنی کەرکوک بە 964ـی وت، هێزێکی پۆلیسی فریاکەوتن گومان لە دوو سەرنیشینی ناو ئۆتۆمبێلێکی جۆری جێب لاریدۆ دەکەن، دەست بەجێ بە بڕیاری عەقید عیسام زەنگەنە بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاکەوتن داوا دەکەن ئۆتۆمبێلەکەیان راوەستێت تاوەکو بیپشکنن بەڵام هەڵدێن ، پاشان لەنزیک قایمقامییەتی کەرکوک دەستگیردەکرێن.
سەرچاوەکەی پۆلیس وتیشی ، دوو کەس لەئۆتۆمبێلەکەدا بوون، یەکێکیان خەڵکی بەغدایە و ئەوەی دیکەش خەڵکی کەرکوکە لەگەڵ چەند منداڵێک، هەروەها توانراوە دەست بەسەر مۆبایل و ئامێری پەیوەندی بێ تەل و پارەدا بگیرێت، لەگەڵ تابلۆی فلێکس کە وێنەی نەخۆشیان لەسەر داناوە کە لەشەقامەکانی کەرکوکدا بەناوی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ نەخۆش بۆ راکێشانی سۆزو فریودانی خەڵک بەکار دەهێنرا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، جگە لەو کەرستانە نوسراوی ساختەی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک لە ئۆتۆمبێلەکەدا دەستی بەسەردا گیراوە، دەرکەوتووە خاوەن ئۆتۆمبێلە جێب لاریدۆکە کە خەڵکی بەغدایە سەرۆکی گەورترین باندی سواڵکردنە و هەرجارە و بیرۆکەیەکی جیاواز بۆ سواڵکردن بەکاردەهێنێت.
سەرچاوەکەی وتیشی، هەر منداڵێک رۆژانە ئەو تابلۆ دەگرێتە دەستەوە لەشەقامەکان بڕی 10هەزار دیناری وەردەگرت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی