پۆلیس: هەڕەشەیان لە ژنان کردووە
دوو کەس لە گروپی “راوچی کۆیلەکان” دەستگیرکران
ئەحمەد مستەفا
پۆلیسی هەولێر دەڵێ، گروپی راوچی کۆیلەکانمان دەستگیرکرد، لە دیمەنێکی ڤیدیۆیی کە بڵاوی کردووەتەوە، دەردەکەوێ ئەوان دوو کەسن، کەلەپچە لەدەستیانە و جلی رەشیان لە بەردایە.
ئەم کەسانە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تایبەت تەلەگرام چالاکییان هەبووە، بە گوێرەی ئەو رۆڵەی هەیان بووە، بەشداربوون لە بڵاوکردنەوەی وێنە و دیمەنی خەڵک.
ئەمڕۆ شەممە 15.2.2025، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە بڵاوکراوەیەکدا کە 964 بینوویەتی دەڵێت، گروپی “راوچیی کۆیلەکان”ی دەستگیرکران، کە ئەم گرووپە تاوانی ئەلیکترۆنییان ئەنجام دابوو و هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی نەشیاویان لە ژنان کردبوو.
بە قسەی پۆلیس، تۆمەتبارەکان، کە یەکێیان خەڵکی سنووری قەزای سۆرانە و بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران دەستگیر کران، دانیان نا بە تاوانەکەیاندا، بۆیە دۆسیەی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە دراونەتە دادگا.