سنووری پێنجوێن
لەوەڕگایەک بە پاشماوە پیس کراوە و زیانی بە خاوەن ماڵاتەکانی دۆڵەبی گەیاندووە
کامیار کەمال- پێنجوێن
گوندی دۆلەبی دەکەوێتە سەر رێگای مەرزی سەیرانبەن و دانیشتوانەکەی سەرقاڵی ئاژەڵداری و جوتیاران، بەڵام پاشماوەی چێشتخانە و شۆفێران لەوەڕگاکانی پیس کردووە و زیانی گەیاندووە.
حیسام محەمەد، دانیشتووی گوندی دۆڵەبییە و ئاژەڵدارە، وێنە و ڤیدیۆی تایبەتی ناردووە و بە 964ی راگەیاند، ئەو پاشماوانەی فڕێدراون عەلاگە و پاشماوەی چێشتخانە و دوکانن و مەڕوماڵاتیش بەهۆی ئەوەی چەورە و حەزیان پێیەتی ئەو نایلۆنە دەخۆن.
وتیشی، تا ئێستا زیاتر لە 20 مەڕ بەرخەکانیان لە سکیاندا مردووە، ئەوە جگە لەوەی کە تووشی نەخۆشیان دەکات.
لە لایەکی دیکەشەوە لەوەڕگاکانیان پیس بووە و حیسام دەڵێت، لە نزیکەی 10 بۆ 15 جێگا پاشماوە و خەشاک بڵاوکراوەتەوە و سروشتی ئەو ناوەشی تێکداوە و لە ناوچەیەکی جوانی دار و درەختەوە بووەتە زبڵخانە.
باسی لەوەش کرد، ئاگادارن کێ ئەو خاشاکانەی فڕێداوە و بەڵام بە وتەی خۆیان نایانەوێت کە ناوی ئەو کەسە بڵاو بکەنەوە، بەڵام ئەوەیان خستەڕوو، ئەو زبڵەی لەوێدا فڕێدراوە، لە%90 یەک کەس فڕێی داوە.
گوندی دۆلەبی دەکەوێتە ناحیەی گەرمک و 10 ماڵێکی تێدایە و سەرقاڵی کاری ئاژەڵداری و کشتوکاڵن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا