لە کەمی دەستمایە دەترسن

کەمی باران بارین؛ چاندنی ژمارەیەک جوتیاری دەشتی هەولێری راگرتووە

964+

عەبدولعەزیز خالند – هەولێر

لە دەشتی هەولێر تا سەرەتای مانگی شوبات، تەنیا 82 ملیم باران باریوە، ئەمەش خواستی جوتیارانی لەسەر نییە و تائێستا بەهۆی کەمی باران بارینەوە، ترسیان لە بڕشتی بەرهەمەکەیان هەیە و چاندنی دانەوێڵەیان دەستپێ نەکردووە.

بە گوێرەی سۆراغی 964 و بەراورد بە ساڵی پار یەک لەسەر سێی پارساڵ باران باریوە.

عەوڵا حسێن جوتیارێکە لە گوندی دۆڵەزەی سنووری قەزای قوشتەپە بە 964ـی وت، لەمساڵدا بەهۆی کەمی باران بارین مەترسی لەسەر بەرهەمە دانەوێڵەیەکانیان هەیە، ساڵانە تاوەکو مانگی شوبات نزیکەی 120 بۆ 150 ملم، باران دەبارێت ئەمساڵ رێژەکە کەمی کردووە تاوەکو ئێستا  82 ملم باران باریوە.

بەشێک لە جوتیاران ئاودان بۆ بەرهەمەکانیان دەکەن، بە پشت بەستن بە ئاوی بیرەکان دەستیان بە چاندن کردووە، مام ئیدریس، یەکێکی دیکەیە لە جوتیارانی سنووری گوندی پۆڕیجەی هەولێر ئەو بۆ 964 وتی، بەهۆی کەم بارانییەوە لە بەخێوکردنی مەڕوماڵاتیش گرفتیان بۆ دروست بووە، رۆژانە  تەنیا سێ ژەم ئالیک دەدەن بە مەڕوماڵەتەکانیان .

بەپێی ئەو ئامارانەی وەزارەتی کشتوکاڵ بڵاوی کردووەتەوە لەم ساڵدا، رێژەی باران بارین لە پارێزگای هەولێر 82 ملم بووە، ئەگەر لە مانگی دوو و سێدا 100 ملم، باران ببارێت مەترسی وشکە ساڵی نامێنێت.

زۆرترین رێژەی باران بارینیش لە قەزای شەقڵاوە بووە کە 146 ملم و کەمترینیش لە ناحیەی گوێڕە کە 57.9 ملم بووە، ئەمە لە کاتێک دایە بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ ساڵی پار رێژەی باران بارین 242.2 ملم بووە، ئەمەش بەراورد بە ساڵی رابردوو 170 ملم کەمترە.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

 هۆکاری کەم بارانی چییە و کەی زۆزترین باران دەبارێت؟

 هۆکاری کەم بارانی چییە و کەی زۆزترین باران دەبارێت؟