قورئان برایە رجای مانگرتووان بیشکێنن و کامێرای خاڵ بۆ خاڵیش گەیشتە گەرمیان

964+

ژووری هەواڵ

14 رۆژە مانیان لە خواردن گرتوووە و لاواز و ماندوو لەسەر قەرەوێڵەکانیان راکشاون، ئەمڕۆ جیاواز لە سەردانیکەرانیان، دایە حاجییەکى دانیشتووى سلێمانى، بە قورئانێکەوە چووە ژێر خێمەى مانگرتووان و قورئانەکەی بردە رجایان و وتی ،”بیکەن بۆخاترى ئەو قورئانە مانگرتنەکە بشکێنن”.

پێناچێت شوێنێک یان رێگایەک بمێنێت کە کامێرای خاڵ بۆ خاڵی بۆ دانەنێن، ئەمجارە گەرمیان لێی دەربازی نابێت و رێگاکانی ئەوێش بە کامێرا دەتەنرێت.

کورد وتەنی بەڵایەک روویکردووتە فڵان یاخوا روونەکات لە کەس جا ئەمە بۆ ئێتسای دیوانی پارێزگای هەڵەبجە دروستە و بیکەی بەوەی کێشەیەک رووی تێکردوون یاخوا روو نەکا لەکەس، بەهۆی خانەنشینی پارێزگار و جێگرەکەی نە مامەڵەی هاوڵاتی بەڕێ دەکرێت، نە موچەی فەرمانبەرەکنیشیان دابەش دەکرێت و نە ئۆتۆمبێلیش هاتوچۆیان پێ دەکات.

لە وڵاتانى دنیا جار هەیە کەسێک بەختى خۆى تاقى دەکاتەوە و یانسیبێک دەکڕێت و سەدان هەزار دۆلارى بۆ دەردەچێت، بەڵام لێرە رێک بە پێچەوانەوەیە، ئەوەتا منداڵێک لە هەولێر بە 250 دینار بەختى خۆى لە یانسیبێکدا تاقى دەکاتەوە و سوراوێکى بۆ دەردەچێت و دواى ئەوەى لێوەکانى پێ سوور دەکات، توشى هەستیارى دەبێت و دەموچاوى دەئاوسێت.