لە عەلوەی کەلار
دوو بارهەڵگر پەتاتە دەستیان بەسەرداگیرا
964+
شۆڕش قادری
لە عەلوەی کەلار دوو بارهەڵگر پەتاتە دەستیان بەسەرداگیرا و لەناوبران.
بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵێ جۆری بەروبوومی کشتوکاڵی گەرمیان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، “کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 7.2.2025 بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی قەزای کەلار رێگری کرا لە داخڵبوونی دوو بارهەڵگری گەورەی پەتاتەی خراپبوو”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پاش ئەوەی لە تاقیگەکە پشکنین بۆ پەتاتەکان ئەنجامدرا، دەرکەوتووە کە شیاوی خواردن نین و زیانیان هەیە بۆ تەندروستی هاوڵاتیان، بۆیە لەناوبراون.
بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵێ جۆری بەروبوومی کشتوکاڵی گەرمیان راشیگەیاندووە، کۆنتڕۆڵی جۆری عەلوەی کەلار شەو و رۆژ کار دەکات لەپێناو تەندروستی و سەلامەتی هاوڵاتیان بە پشکنینی بەردەوام و لەناوبردنی ئەو سەوزەو میوە و بەروبومە کشتوکاڵیانەی کە شیاوی خواردن نین و لە پشکنینەکان دەرناچن.