لە بازگەی چیمەنی کەرکوک
جارێکی دیکە رێگری لە ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکانی هەرێم دەکرێت
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
جارێکی دیکە سۆناری بازگەی چیمەن رێگەری لە بارهەڵگرەکانی هەرێمی کوردستان دەکات بەهەموو شێوەیەک داخلی سنووری کەرکوک بن و لە بازگەی چیمەن تاوەکو نزیک قەرەهەنجیر ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر وەستاوە.
لە رۆژی چوارشەممەوە 29.1.2025 بازگەی چیمەن بیانوو بە شۆفێرانی بارهەڵگر دەگرێت و رێگەیان پێنادات داخلی کەرکوک ببن تاوەکو ناوی کۆمپانیاکانیان لە ژووری بازرگانی حکومەتی ناوەند تۆماربکەن و هەر کۆمپانیایەک پێویستە 18بۆ 20 ملیۆن دینار بدات.
لاوین عەدنان خاوەن کۆمپانیایەکی دروستکردنی دەرگا و پەنجەرەی PVCـیەو بە 964ـی وت، رۆژی چوارشەممە بارهەڵگرم ناردووە بیانوویان پێ گرتووە کە کۆمپانیاکەمان لە ژووری بازرگانی سلێمانی تۆمار کراوە و پێویستە لە بەغدا تۆمار بکرێت بڕی 60 دۆلار کرێ ئۆتۆمبێلم داوە و گەڕاوەتەوە، ئەمڕۆ جارێکی دیکە بیانووی پێگیراوە و ناچار بەرەو سلێمانی گەڕاوەتەوە.
عەباس عەلی شۆفێری بارهەڵگری چیمەنتۆیە بە 964ـی وت، 25 تۆن چیمەنتۆم بارکردووە لە سلێمانی بۆ کەرکوک لە سۆناری چیمەن رێگرییان لێ کردووم پێویستە کۆمپانیاکە لە یەکێک لە پارێزگاکانی ناوەند تۆماربکرێت و پاشان رێگەی پێدەدرێت،وتیشی زیاتر لە سەدان ئۆتۆمبێل دەبێت لەو بازگەیە راوەستاوین داواکارین چارەسەربکرێت.
سەرچاوەیەک لە بەشی بازگاکانی کەرکوک بە 964ـی وت، ئێمە تەنها بڕیاری بەغدا جێ بەجێ دەکەین، کە بەنوسراوی فەرمی داواکراوە کە پێویستە ئەوکۆمپانیایەی هەناردەی دەکات لەهەرێمی کوردستانەوە بۆ سنووری حکومەتی فیدڕاڵ مۆڵەتی ژووری بازرگانی یەکێک لە پارێزگاکانی عیراقی هەبێت.
سەرچاوەکەی 964 وتیشی، بۆ دەرهێنانی مۆڵەت بۆ کۆمپانیاکان پێویستە 18بۆ 20 ملیۆن بدرێت، هەروەها ساڵانە جیا لە حکومەتی هەرێم باج بە حکومەتی فیدڕاڵ بدرێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی