"رەنگە باڵندەیەک هۆکاربێت".
لەم مانگەدا دووجار شۆرتى کارەبا لە گەڕەکێکى پێنجوێن روویداوە
964+
کامیار کەمال- پێنجوێن
گەڕەکی ناوشاخان لە پێنجوێن بۆی نایەت، لەم مانگەدا دووجار شۆرتی کارەبا لە هێڵەکەیان روویداوە و بە هەردوو جارەکە نزیکەی دە کاتژمێر کارەبایان بڕاوە.
بەهادین عەبدوڵا، لێپرسراوی هۆبەی چاککردنەوەی کارەبای پێنجوێن بە 964ـی راگەیاند، هۆکاری شۆرتی کارەبای شەوی رابردوو گەرمبوون بووە و ئەو گەرمبونەش دەکرێت بەهۆی شلی یاخود نیشتنەوەی باڵندەیەک لەسەر تەلەکە یاخود بەهۆی رەشەبا و سەرماوە رووبدات.
باسى لەوەشکرد، شۆرتی کارەبا حاڵەتێکی ئاسایی و سروشتییە و لەسەرجەم هێڵەکان روودەدات و دواتر تیمی چاککردنەوە دەچێتە جێگاکە بۆ چاککردنەوەی.
لە ماوەی ئەم مانگەدا دووجار شۆرتى کارەبا لە هێڵى کارەباى گەڕەکى ناوشاخانى پێنجوێن روویداوە، لێپرسراوی هۆبەی چاککردنەوەی کارەبای پێنجوێنیش داوا لە هاوڵاتیان دەکات، پێویستە هەوڵبدەن لۆد و فشاری سەر کارەبا کەمتر بکەنەوە، چونکە لۆدی زۆریش دەبێتە هۆی تەقینی محاویلە و بێکارەبا دەبن.
ئەوەش لە کاتێکدایە، نیوە شەوی رابردوو شۆرتێکی کارەبای بەهێز لە گەرەکی ناوشاخان روویداوە و بەهۆیەوە ماوەی سێ کاتژمێر کارەبا بڕا، جاری رابردووش لە رۆژی 11.1.2025 شۆرتى کارەبا روویدا و بەهۆیەوە شەش کاتژمێر بێ کارەبا بوون.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح