"لەڕاهی خوا کردمان"
بنەماڵەیەک زەوی بۆ گۆڕستانی پیرەمەگروون دابین دەکەن
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
بنەماڵەیەك لە ناحیەی پیرەمەگروون، پارچە زەوییەكی پێنج دۆنمییان بە گۆڕستانی ناحییەكە بەخشی، یەكێك لە ئەندامانی خانەوادەكە دەڵێت، “پێشنیاری فرۆشتنیان بۆ كردین، بەڵام قبوڵمان نەكردوو لەڕای خودا بەخشیمان”.
بابەتەكە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، كاتێك دەزانرێت لە گۆڕستانی كۆنی ناحییەكە شوێنی گۆڕ نەماوە، رێكخراوێكی خێرخوازی بەنیازی كۆمەككردن بوون بۆ كڕینی زەوییەكە، بەڵام خانەوادەی خاوەن موڵك، كەبەوە دەزانن رەزامەند نابن، ئەو پێشنیارەیان رەتكردووەتەوە و كردوویانە بە خێری گۆڕی باوكیان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 29.1.2025، زۆراب مەجید چەرمەگایی، كە یەكێكە لە ئەندامی ئەو بنەماڵەیە بە 964ی وت، ئێمە لەبەر بەرژەوەندی گشتی و لەڕاهی خوا ئەم زەوییەی خۆمان بەخشییووە، ئەمە یەكەمجاریشمان نییە، گۆڕستانی كۆنی پیرەمەگروونیش كە نزیكی شەش دۆنم بوو، هەر موڵكی باوكم بووە و كاتی خۆی بەخشیوویەتی بۆ گۆڕستانی كۆنی پیرەمەگروون.
ئەو باسی لەوەکرد، سەرەتا داوای فرۆشتنیان لێكردین، بەڵام لەگەڵ كاك عوسمانی برا گەورەمان قبوڵمان نەكردوو بەخشیمان، بەسەرپەرشتیاری قەبرسانەكەشمان وتووە بۆ سیاجكردن و هەركارێكی دیكەی قەبرسانەكە، ئەوەی پێمان بكرێت ئامادەییمان دەربڕیووە، “زەوییەكە پێنج دۆنمی تەواوە، ئەگەر ئەمڕۆ بیخەمڵێنین و بەپارچەكراوی بفرۆشرێت نزیكەی 100 هەزار دۆلار دەكات”، زۆراب مەجید وای وت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا