کەرکوک

لە کاتی تاقیکردنەوەدا؛ پانکەیەک بە قورسى سەرى قوتابییەکى بریندار کرد

964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک

لە کاتی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵدا، پانکەیەکی سەقف (ئاسمانی) دەکەوێت بەسەر قوتابییەکی پۆلی سێی ناوەندیدا و بە سەختی برینداری دەکات، بەهۆیەوە 10 تەقەڵ لە سەری دەدرێت.
رووداوەکە لە ناوەندی “مستەفا کەمال” لە ناحیەی یایچی سەر بە پارێزگای کەرکوک و لە کاتی تاقیکردنەوەی وانەی عەرەبیدا روویداوە.
سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی گشتیی کەرکوک بە 964ـی راگەیاند: “قوتابییەکە دوای رووداوەکە رەوانەی نەخۆشخانە کراوە و چارەسەری پێویستی بۆ کراوە کە برینەکەی پێویستی بە 10 تەقەڵ بووە، لە ئێستاشدا باری تەندروستی جێگیرە.”
سەبارەت بە چارەنووسی تاقیکردنەوەکانی ئەو قوتابییە، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد، کە بەهۆی ئەم دۆخە لەناکاوەوە، تاقیکردنەوەکەی بەپێی راپۆرتی پزیشکی بۆ کاتێکی تر دوا دەخرێت.

پێداچوونەوە: وریا فەتا