"هەر ماڵێک لە ماڵ نەبن دەرگاکەی دەشکێنن"

سوپای عێراق ویستیان خانوویەک لە گەڕەکی نەورۆزی کەرکوک داگیر بکەن

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

ئەمڕۆ سێشەممە 28.1.2025 دوو ئۆتۆمبێلی سەربازیی سوپای عیراق بە بیانووی تۆماركردنی ژمارەی خانووەکانی گەڕەکی نەورۆز، دەچنە ئەو گەڕەکە و دەیانەێت دەست بەسەر ئەو خانووانەدا بگرن کە خاوەنەکانیان لە ماڵ نین، یان قوفڵ و زنجیری پێوەیە، هاوڵاتییەكی گەڕەكەكەش دەڵێت، هەر ماڵێك لە ماڵ نەبن، سوپا دەرگا دەشكێنن و هەمەرێكی سەربازی لێ دادەنێن و داگیری دەكەن.

عومەر عەبدولسەبور دانیشتووی گەڕەکی نەورۆز بە 964ـی وت، ئەو هێزە هەر ماڵێک قفڵ و زنجیری پێوە بێت یان خاوەنەکەی بۆ سەردانی بچنە شوێنێک، دەستبەجێ دەچنە ژوورەوە و هەمەرێکی سەربازی خۆیانی تێدا دادەنێن.

وتیشی، “ئێمە لە ماڵەوە بووین، بەڵام دەرگای حەوشەکەمان زنجیری پێوە بوو، ئەو هێزە هاتن ویستیان قوفڵەکە بشکێنن و بێنە ژوورەوە، پێیانم وت وا لە ماڵەوەین و ژن و منداڵی تێدایە، چۆن دێتە ژوورەوە، پاشان بە هەوڵی نوێنەرانی گەڕەک کە لە ژێر خێوەتەکەدا بوون، هێزەكە کشایەوە و رۆیشتن”.

زیاتر لە ساڵێکە دانیشتووانی گەڕەکی نەورۆز لە شاری كەركوك، خێوەتی ناڕەزایەتیان هەڵداوە لە دژی سوپای عیراق، کە دەیانەوێت دەست بەسەر خانووەکانیاندا بگرن، بە بیانوی ئەوەی لە سەردەمی رژێمی پێشوو خانووەكان بۆ ئەفسەرانی سوپای عیراق دروست کراوە و بە موڵکی خۆیانی دەزانن، تا ئێستاش کێشەکەیان چارەسەر نەکراوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

خێمەکەی گەڕەکی نەورۆز ساڵێکە هەڵدراوە

خێمەکەی گەڕەکی نەورۆز ساڵێکە هەڵدراوە