وەزارەتی دارایی بۆ خانەنشینان:
بەزووترین کات فۆڕمەکانتان بگەڕێننەوە بۆ ئەوەی کارتەکانتان وەربگرنەوە
964+
ژێوار خدر
وەزارەتی دارایی و ئابووری داوا لەو خانەنشینانە دەکات کە فۆڕمی “هەژماری من”یان پڕ کردووەتەوە، بە زووترین کات فۆڕمەکانیان بگەڕێننەوە بۆ ئەوەی کارتە بانکییەکانیان پێبدەنەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 27.1.2025 وەزارەتی دارایی و ئابووری ئاگادارییەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، ” سەرجەم ئەو خانەنشینانە کە فۆڕمی تۆمارکردنیان لە پڕۆژەی “هەژماری من” پڕکردووەتەوە و تا ئێستا نەیان گەڕاندووەتەوە، پێویستە بەزووترین کات بیگەڕێننەوە بۆ ئەو بانکە حکومیەی فۆڕمەکەیان لێ وەرگرتووە.
دەشڵێت، گەڕاندنەوەی فۆرمەکانیش بۆ ئەوەیە بتوانن موچەکانیان لە هەژماری بانکی تایبەت بە خۆیان و بە ئاسانی وەربگرن.
وەزارەتەکە باسی لەوەشکردووە، کە تا ئێستا زیاتر لە 290 هەزار فەرمانبەری خانەنشین فۆرمی پڕۆژەی “هەژماری من”ـیان وەرگرتووە.
لە رێگەی پەیوەندی کردن بە سەنتەری خزمەتگوزاری پڕۆژەی هەژماری منەوە بە ژمارە (1991) دەتوانن زانیاری زیاترتان دەستبکەوێت، سەنتەرەکە لە کاتژمێر 8:00 بەیانی تاوەکو 9:00 شەو بەردەستە.