گەنج لە پڕۆژەکانی کار دەکەن
هەردوو قاچی نییە؛ کەچی مامۆستای مزگەوتە و ئاژەڵداریش دەکات
964+
گۆڤەند فەتاح – کۆیە
32 ساڵە قاچەکانی لە رووداوێکی تەقینەوەی میندا لە دەستداوە، بەڵام بێ هیوا نەبووە لەو ئامانجەی لە منداڵییەوە خەونی پێوە بینیوە، ئێستا نەک ئامانجەکەی بەدی هاتووە، بەڵکو خەڵکیش لەگەڵیدا بەشدارن لە خێر و بێرەکەی.
سەفین مستەفا، کە مامۆستای مزگەوت و هەم کاری ئاژەڵداری و بەخێوکردنی پەلەوەر و ماسیش دەکات لە یەک کاتدا، نەبوونی قاچەکانی نەبوون بە رێگر لە ئەنجامدانی، بەڵکو زۆرکات ئامۆژگاری ئەوانیش دەکات کە جەستەیەکی ساغیان هەیە و هیچ کارێکیان نییە، کە پشت بەهێز و ئومێدی خۆیان ببەستن.
ئەو مامۆستا ئاینییە کە لە فیچەرێکی 964 بەشداری کردووە دەڵێت، پیشەی سەرەکیی ئەو کاری وتاربێژ و ئیمامی مزگەوتێکی کۆیەیە، دوای ئەو کارە، سەرقاڵی بەخێوکردن و سەرپەرشتیکردنی چەند پرۆژەیەکی ئاژەڵداریی لە مانگا، جوانەگا، وە پەلەوەری لە ماسیی دەبێت، کە ئەوانە لە منداڵییەوە و لە باوکییەوە بۆیان جێماوە.
ئەو مامۆستا ئاینییە، قاچەکانی لە خوار ئەژنۆیەوە لە دەستداوە، تا رادەیەک سنوورداری کردووە لە زۆر شت، بەڵام وەک خۆی باسی دەکات، نەیکردووەە بە هۆکارێک بۆ ئەنجامنەدانی کارەکانی، چونکە رای وایە، مرۆڤ زۆر جار بۆ ئەوەی لە کارێک سەرکەوتوو بێت، پێویستە مێشک و ژیری بەکاربێنێت نەوەکو تەنیا جەستەی.
ئەو مامۆستا ئایینییە کە لە مزگەوتێکی کۆیە کاری پێشنوێژ و وتارخوێنی دەکات، لە گوندەکەی خۆشیان لە دەشتی کۆیە بە ناوی قوڵقوڵە، خەریکی پڕۆژە ئاژەڵدارییەکانییەتی، جگە لەوەی خۆی و کەسە نزیکەکانی لەو پڕۆژەیەن، چەند هەلی کارێکی بۆ بەشێک گەنجانی سنوورەکە رەخساندووە و ئێستا لە پرۆژەکەی ئەو کار دەکەن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا