رووداوى کوشتن
بۆنى تەرمێک پەردەى لەسەر تاوانێک لادا
964+
وریا فەتاح
دواى دوو هەفتە لە کوشتنى ژنێک لەلایەن هاوسەرەکەیەوە، لە رێگەى بڵاوبوونەوەى بۆنى تەرمەکەیەوە پێى زانرا و پۆلیس دەستگیرکرد.
رووداوەکە لە پارێزگاى قەنا لە باشورى میسر روویداوە، ئەوەش دواى ئەوەى پیاوێک لە شوقەکەى خۆیاندا ژنەکەى دەکوژێت.
بەپێى هەواڵى میدیا ناوخۆییەکانى میسر، دواى ئەوەى هێزە ئەمنییەکان ئاگادارکراونەتەوە لە بۆنێمى ناخۆش، روویان لە شوێنەکە کردووە و بۆیان دەرکەوتووە کە بۆنەکە تەرمى ژنێکە دواى شیبوونەوەى بۆنى ناخۆشى دەرکردووە.
لە لێکۆڵینەوەکەدا دەرکەوتووە کە ژنەکە لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژراوە و بەپێى راپۆرتى پۆلیس پیاوەکە لەژێر کاریگەرى مادەى هۆشبەر تاوانەکەى ئەنجامداوە و ماوەى دوو هەفتە تەرمەکەى لەسەر شوێنى خەوەکەى هێشتووەتەوە.
تۆمەتبارەکە لە لێکۆڵینەوەکاندا بە پۆلیسى وتووە، بەهۆى دەمەقاڵێى نیوانیان تەقەى لە ژنەکەى کردووە، بەڵام وتویەتى،” نیازى کوشتنیم نەبووە”.
بڵاوبوونەوەى بۆنى تەرمەکە پەردەى لەسەر تاوانەکە لادا
ئەو ماڵەى تاوانەکەى تێدا ئەنجامدراوە، شوقەیەکى ناو باڵەخانەیەکى نیشتەجێبوون بووە، دراوسێ و دانیشتوانى باڵەخانەکە هەستیان بە بۆنێکى ناخۆش کردووە و هێزە ئەمنییەکانیان لەوە ئاگادار کردووەتەوە، کاتێک پۆلیس چووەتە شوێنەکە و پشکنینى کردووە بینیویەتى کە بۆنەکە تەرمى ژنێکە شیبووەتەوە و دوو هەفتە پێشتر کوژراوە.
داواکارى گشتى میسر بڕیاریداوە، تۆمەتبار رابگیرێت و راوانەى دادگاى تاوانەکانى بکات بۆ ئەوەى سزاى یاسایى خۆى وەربگرێت.