لە هەڵەبجە کەسێک ژمارەیەک داری بەرداری بڕییەوە - وێنە: فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە
"تائێستا هۆکارەکەی نەزانراوە"
لە هەڵەبجە کەسێک ژمارەیەک داری بەرداری بڕییەوە؛ سزا دەدرێت
964+
شۆڕش قادری
هەوڵەکانی فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە بۆ سزادانی ئەو کەسانەی زیان بە ژینگە دەگەیەنن بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەشدا لێپێچینەوە لە کەسێک دەکات کە ژمارەیەک داری بەرداری بڕیوەتەوە.
سەرهەنگ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە بە 964ـی وت، “ئەمڕۆ هەینی 24.1.2025 لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی سەرپێچییە ژینگەییەکان و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای هەڵەبجە، سەردانی شوێنێکمان کرد کە تییایدا ژمارەیەک داری بەردار بڕابوونەوە”.
“دارەکان دارگوێز و هەنار و چەند میوەیەکی دیکەیان تێدابوو و ئەو کەسەی ئەو کارەی کردبوو، ئاگادار کرایەوە رۆژی یەکشەممە سەردانی فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە بکات، بۆ ئەوەی رێکاری ئیداری و یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر”، سەرهەنگ عەبدولڕەحمان وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا دیار نییە ئەو زەویەی دارەکانی تێدا بڕاونەتەوە هی ئەو ئەو کەسەیە کە کارەکەی کردبوو یان نە، هۆکاری بڕینەوەی دارەکانیش نەزانراوە، لە دوو سێ رۆژی داهاتوو و دوای لێپێچینەوە لە سەرپێچیکار، ئەنجامەکە رادەگەیەنن.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە وتیشی، هەر کەس و لایەنێک بێ مۆڵەت ئەو کارانە بکات و زیان بە ژینگە بگەیەنێت، رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە و سزا دەدرێت.