هۆکار بوون بۆ قەدەغەکردنى هاوردەى تەماتە
جوتیارانى پێنجوێن چاکەى خۆیان بەجێهێنا
964+
کامیار کەمال- پێنجوێن
جوتیارانی پێنجوێن بون بە خێر و بەرەکەت بۆ جوتیارانی بەسرە و دەنگیان یەکخست بۆ راگرتنی هاوردەکردنی تەماتە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، دوای کۆبوونەوەیەک لەگەڵ جوتیارانی بەسرە و پێنجوێن، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەپێناو بەرژەوەندی جوتیاران بڕیارماندا بە راگرتنی هاوردەکردنی تەماتە بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان و بڕیارەکە لە رۆژی یەکشەممە 26.1.2025ـەوە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و تاوەکو کاتێکی نادیار بەردەوام دەبێت
راگرتنی هاوردەکردنی تەماتە لەسەر داوای جوتیارانی پێنجوێن بووە
بەختیار قادر، سەرۆکی ئەنجومەنى جوتیارانى پێنجوێن بە 964ـى وت،” وەک جوتیارانی پێنجوێن راستەوخۆ داوایان لە وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان کردووە کە جوتیارانى بەسرە کێشەی ساغنەبونەوەی بەرهەمیان هەیە و وەزیریش هاتونوە بەدەمیانەوە و بڕیاریانداوە بە راگرتنی هاوردەکردنی تەماتە”.
ماوەی چوار رۆژە شەش جوتیاری پێنجوێن چونەتە بەسرە و سەردانی کێڵگە کشتوکاڵییەکانیان کردووە، بۆ ئەوەی ئاگاداری پێگەیشتنی بەرهەمەکانیان بن، وەک ئەوەى بەختیار قادر باسى دەکات، جوتیارانى بەسرە بەرهەمێکی زۆریان پێگەشتووە و ئامادەیە بۆ بازاڕ، بەڵام تەنیا کیلۆى 250 دینار دەکات بۆ هەر کیلۆیەک.
بەختیار قادر ئەوەشی باسکرد، ساڵانی رابردووش هەماهەنگیان هەبووە لەگەڵ جوتیارانی بەسرە و کارئاسانیان بۆ کردوون، بەڵام وەکخۆى دەڵێت، ئەوان هیچ ساڵێک هاوکارى جوتیارانى هەرێم نەبوون و لەکاتى پێگەیشتنى بەروبومى کشتوکاڵى لە کوردستان فشاریان نەکردووە بۆ راگرتنى هاوردەى دەرەکى.
رێباز ساڵح یەکێک لەو جوتیارانەى پێنجوێنە کە بە نوێنەرایەتى جوتیاران چووەتە بەسرە، قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”لەگەڵ کۆمەڵەى جوتیارانى بەسرە کۆبوونەوەیان کردووە و بڕیاریانداوە ساڵانە لەکاتى پێگەیشتنى بەرهەمەکانیان هاوکاربن بۆ رێگریکردن لە بەرهەمى هاوردە”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح