وێنە-سۆشیاڵ میدیا-یەکتربڕی بەختیاری
یەکتربڕی بەختیاری ئاستەنگی هاتوچۆی دروست کردووە
توانا نەقی پرۆژەی شەقامی یەکتربڕی بەختیاری لە شاری سلێمانی بەهۆی کارکردن تێیدا، رۆژانە قەرەباڵغییەکی زۆری دروست كردووه و ئاستەنگی هاتووچۆ بۆ شۆفێران هاتووهتهپێش. زەردەشت رەفیق، بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانیی سلێمانی بە تۆڕی 964ی راگەیاند، یەکتربڕی بەختیاری یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکان، کارکردن تێدا بەردەوامە و شەقامی لاوەکییان بۆ هاتوچۆی شۆفێران دروست کردووە. وتیشی، بەهۆی ئەوەی رۆژانە کارکردن لە پرۆژەکە بەردەوامە، قەرەباڵغیی بۆ شۆفێران دروست کردووه، بەڵام پرۆژەیەکی وەها گرنگ کە شاڕێیەکی سلێمانییە، قوربانی دەوێت و دەبێت شۆفێران ئارامیان هەبێت تا تەواو دەبێت. بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانی دەڵێت، پرۆژەکە ماوەی یەک ساڵی بۆ دانراوە و چەند مانگێکە کارکردن تێیدا بەردەوامە، بەڵام ئەو رۆژانەی کەشوهەوا لەبارنین، کارکردن تێیدا دەوەستێت. بەهمەن عەبدوڵڵا، وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی بە تۆڕی 964ی وت، لە بنەڕەتدا شەقامەکە خۆی هەر قەرەباڵغ بووە، لەسەر ئەو بنەمایەش بڕیاری دروستکردنی ئەو یەکتربڕە دراوە، ئەم شەقامە لاوەکییانەشی دروست کراون هیچ کێشەیەکیان نییە. وتیشی، وەک هاتووچۆ بەردەوام مەفرەزەمان لەوێ هەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی رێگهکە و بەهاناوەچوونی شۆفێران لەهەر رووداوێکی نەخوازراو، کە درووست دەبێت. تۆڕی 964 دەزانێت، پرۆژەی یەکتربڕی بەختیاری کە رێگهی سەرەکیی تاسڵوجە – سلێمانییە، كاركردن تێیدا لە 5ـی ئەیلولی 2022 دەستیپێکردوەو بڕیارە لە ماوەی ساڵێکدا تەواو بکرێت.