باڵەخانەی بەرگری شارستانی کۆیە - وێنە: 964
سووتانی دەغڵ و دان زۆرترینە
لە کۆیە 704 رووداوی جۆراوجۆ؛ زیانی نزیکەی دوو ملیار دیناری هەبووە
گۆڤەند فەتاح – کۆیە
ئاماری ساڵی 2024ی بەرگریی شارستانیی کۆیە، کە وێنەیەکی دەست 964 کەوتووە، لە سنووری قەزای کۆیە 704 رووداو لە سووتان، خنکان و لافاو لە سنوورەکە روویداوە، کە زۆرترینییان سووتان بووە لە جۆری سووتانی دەغڵ و دان و پووش و پاوانی هاوڵاتیان.
کۆی گشتیی ئەو زەرەر و زیانانەی کە لە ساڵی رابردوو بەهۆی رووداوەکانەوە دروستبووە، یەک ملیار و 751 ملیۆن و 457 هەزار دینار بووە، بەراورد بە ساڵی 2023 دوو ملیار و 28 ملیۆن و 555 هەزار دینار زەرەر و زیانی رووداکان بوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 22.1.2025، گۆران ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی کۆیە بە 964ـی وت، هەموو ئەو رووداوانەی روویانداوە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەمان ژمارەیان 704 رووداوە، کە بەراورد بە ساڵی 2023، 40 رووداو زیادی کردووە، کە ئەویش بەهۆی زۆربوونی رووداوەکانی ئاگری دەغڵ و پووش و پاوانی هاوڵاتییان بووە.
لە ساڵی 2024 ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئاودا خنکاون چوار کەس بووە، بەراورد بە ساڵی 2023 ژمارەی خنکان حەوت کەس بووە، هەر بەپێی ئامارەکە، ئەو کەسانەی لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانی کۆیە لە خنکان رزگارکراون لە ساڵی رابردوو ژمارەیان 12 کەس بووە، بەراورد بە ساڵی 2023 ژمارەی رزگارکراوان 23 کەس بووە.
رێژەیەکی زۆر لەو رووداوانەی کە لە ئامارەی بەرگریی شارستانیی کۆیەدا هاتووە رووداوی ئاگر و سووتانن، کە ژمارەیان 677 رووداوە، کە بەشێکی زۆری دەغڵ و پووش و پاوان بووە، بەشەکەی تری سووتانی ماڵ و ئۆتۆمبێل و دوکان بووە، ئەوە لە کاتێکدا لە سەرەتا ساڵی رابردوو تاوەکو مانگی پێنج، 11 رووداوی لافاو لە سنووری قەزای کۆیە روویداوە، کە ئاوی باران چووەتە ماڵان و فەرمانگە و دوکانی هاوڵاتییان.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا