بچوکترین زێڕینگەر لە هەرێمی کوردستان
کچێکی بچوک لە بازاڕێکی گەورەی هەولێر زێڕینگەرە
ڤیدیۆ
میدیازان – مەریەم ئەحمەد – هەولێر
پاداشت کچێکی ١٤ ساڵانە، لە بازاڕی گەورەی هەولێر لەگەڵ باوکیدا کاردەکات، ئەو بچوکترین زێڕینگەری هەرێمی کوردستانە.
لقی هەولێری سەندیکای زێڕینگەرانی کوردستان پاداشتیان کردووەتە ئەندامی فەخری سەندیکاکەیان و مەراسیمی رێزلێنانیان بۆ کردووە.
“پاداشت ئەندامی فەخری سەندیکای زێڕینگەرانە”
لەبەرئەوەی تەمەنی ١٤ ساڵە، تاوەکو چوار ساڵی دیکە ناتوانێت وەکو زێڕینگەر مۆڵەت وەربگرێت.
زێڕینگەرە بچوکەکە لە پۆلی نۆیە و دەخوێنێت، لە پاش قوتابخانە دەچێتە لای باوکی، کە ناوی پشکۆ خالیدە، کاری دیزاینکردن لەسەر زێڕ و زیوی بۆ دەکات.
“لە ساڵی ٢٠١٩ من دەستم بەم كارە كرد، حەز و خولیام بۆی زۆر بوو، باوكیشم رێگەخۆشكەر بوو تا من لە تەمەنێكی بچوكەوە بتوانم لە بازاڕێكی گەورەی وەكو هەولێر كار بكەم و بتوانم خوێندنەکەشم بکەم”، پاداشت پشکۆ وای بە میدیازان وت.
میدیازان سۆراغی کرد، لە هیچ شارێکی هەرێمی کوردستان زێڕینگەرێک نییە تەمەنی لە پاداشت کەمتر بێت، هەربۆیە وەکو بچوکترین زێڕینگەر ناساندمان، سۆراغەکە لە سەندیکاکانی هەولێر و سلێمانی کرا.
پشكۆ خالید، باوكی پاداشت بۆی باسکردین، “زۆر پێ خۆشحاڵم كچەکەم توانی نمونەیەكی جوان نیشاندا و خولیای خۆی لەم كارەدا بدۆزێتەوە، داواش دەکەم باوكان دەرفەتی کارکردن بۆ کچەکانیان بڕەخسێنن”.