لە کێلێ وەرگەڕانى بارهەڵگرى تێکەوت
سێ رێگا بەهۆى بەفرەوە داخراون
964+
وریا فەتاح
بەهۆى ئەو بەفرەى باریوە، لە سنوورى دهۆک و هەردوو ئیدارەى راپەڕین و سۆران ئاستەنگى هاتوچۆ دروستبووە و چەند رێگایەکى داخستووە.
بەهۆى بەفربارینەوە، رێگاى زینى وەرتێ پەکى کەوتووە و بەوتەى شۆڕش حەسەن بەڕێوەبەرى ناحیەى وەرتێ، ئۆتۆمبیلى دەبڵ ئەکسل نەبێت دەرناچێت و دەبێت زنجیر ببەستێت، داواشى کرد شۆفێران خۆیان لە رێگەکە نەدەن، چونکە تا دێت ئاستى بەفرەکە زیاتر دەبێت.
بەفر رێگاى زینى وەرتێى پەکخست
لاى خۆیەوە، رێدیر سلێمان، یاریدەدەرى بەڕێوەبەرى گشتى رێگاوبانى دهۆک بە 964ـى وت، رێگاى چیاى پیرس کە رێگاى قەزاى ئاکرێیە بۆ ناحیەى دینارتە و دەڤەرى بارزان، بەهۆى بارینى بەفرەوە داخراوە.
لە سنوورى ئیدارەى راپەڕینیش، بەفرێکى زۆر لە رێگاى مەرزى کێلێ و باریوەو بەپێى گرتەیەکى ڤیدۆیى کە تایبەت بە 964 نێردراوە رێگاکە بەفر دایپۆشیوە، بەهۆى زۆرى بەفرەکەوە بارهەڵگرێک کەوتووەتە سەرلا و دوو بارهەڵگریش لە رێگاکە لایانداوە و مەترسى وەرگەڕانیان لەسەرە.