بەکارهێنانی خواردنی بەستوو یان لە قوتونراو _ وێنە: Google
وەک پارێزەر تێی دەکرێ
خوێی ناو بەرهەمە لە قوتونراوەکان هۆکارە بۆ شێرپەنجە
964+
ئەحمەد مستەفا
بەکارهێنانی نایترەتی سۆدیۆم “کە جۆرە خوێیەکە”، لەسەرو رێژەی رێگەپێدراو لە بەرهەمە خۆراکیەکانی وەک گۆشت و بەرهەمەکانی، وە شیرەمەنییەکان مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەکانی، قوڕگ، گەدە و قۆڵۆن بەرز دەکاتەوە.
پزیشکێکی پسپۆڕ دەڵێ، بەداخەوە ئێستا ئەو سێ جۆرە شێرپەنجە روو لەهەڵکشانە.
خوێی نایترەیت بەشێوەی جۆراوجۆر لە پیشەسازی لەقوتوونان، بەستەبەندکردنی خۆراک بەگشتی بەکاردێت وەک گۆشت و شیرەمەنی بەجۆرێک ئەم بەرهەمانە بازاڕەکانیان لەجیهاندا پڕ کردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 19.1.2025، دکتۆر شاڵاو عارف، پسپۆڕی خۆراک و ڤێتێرنەر لەبارەی بەکارهێنانی ئەو خواردەمەنییانە بە 964ی وت، نایترەیت بە چەندین پێکهاتە بەشدارە وەک پارێزەر، یاخود رەنگ و تام، بۆ هەریەک لەمانەش رێژەی سەلامەتی رێگەپێدراو دیاریکراوە، زیاتر لەم رێژانە هەڕەشەی راستەوخۆن بۆ تەندروستی مرۆڤ.
نایترەیتی سۆدێۆم یەکێک لەو پێکهاتانەی کەلە پیشەسازی گۆشت و بەرهەمەکانی وەک، گۆشتی بەستوو، هەمبەرگر، سۆسەج و قیمە و هەندێک پێکهاتە و خواردن بەکاردێت، نایترەیتی سۆدیۆم بەشێوەی پارێزەر بۆ راگرتن یاخود خاوکردنەوەی گەشەی مایکرۆبە زیانبەخشەکان و ژەهرەکانیان کاریگەری هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا رەنگی سوری ئاڵ و تام بە بەرهەمەکە دەدات.