دەربەندیخان
قایمقام دەڵێت چاوەڕیی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانن
قەرار بوو ساڵی تازە کارکردن لە پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان دەست پێبکاتەوە بەڵام هیچ دیار نییە
توانا نەقی
دوای وەستانی کارەکانی پرۆژەی پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان بۆ ماوەیەکی زۆر هیوا وابوو کە لەم ساڵی تازەوە دەستبکرێتەوە بە کارکردن لە پرۆژەکە بەڵام هێشتا هیچ دیار نییە.
هەردوو کۆمپانیای ئۆهیتان و کۆمپانیای ئارکیتێکت پرۆژەکە ئەنجامدەدەن و گرێبەستەکەیان واژۆ کردووە و بەڵام بەهۆی خەرجنەکردنی پارەوە هێستا دەست نەکراوەتەوە بە کارکردن لە پرۆژەکە.
سلێمان محەمەد قایمقامی دەربەندیخان بە 964ـی وت، جێگری سەرۆکی حکومەت پێش سەری ساڵ بەڵێنی ئەوەی داوە کە لەگەڵ دەستپێکی ساڵی تازەدا دەست بکرێتەوە کارکردن لە پرۆژەی ئاوی دەربەندیخان بەڵام تا ئیستا دەنگی نییە.
وتیشی، ئەگەر بەپێی ئەو بەڵێنانە بێت و پارە بۆ کۆمپانیای جێبەجطێکار خەرج بکرێت ئەوا لەم ساڵدا پرۆژەکە تەواو دەبێت و دەربەندیخان و خەڵکەکەیشی دەبوژێنەوە.
پێشتر کۆمپانیاکە بۆیە دەستی هەڵگرتبوو لە کارکردن داوای 10 ملیۆن دۆلاری دەکرد بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە، لە ئێستادا بەشێک لە پارەکە دابینکراوە و ئەو کەسەرستانەشی کە پێویستە لە دەرەوەی وڵاتەوە دەهێنرێت.
پرۆژەی پاڵاوگەی ئاوی درەبەندیخان وەکو ئەو سەدان پرۆژەی کە لەکار کەوتوون ئەویش بووە بە خەونی هەزاران هاوڵاتی قەزاکە و لە چاوەڕوانی تەواوبوونیدان بۆ ئەوەی کێشەی ئاوی خواردنەوە و ئاوی پکیان بۆ چارەسەر بکرێت.
پرۆژەی پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان لە ساڵی 2012ەوە، بەردی بناغەی دانراوە، بەڵام بەھۆی قەیرانی دارایی چەندینجار کارکردن لە پرۆژەکە راگیراوە نزیکەی 60%ى پرۆژەکە تەواو بووە، تەواوکردنی پرۆژەکە پێویستی بە نزیکەی 15 ملیۆن دۆلارە.