کەشناسێک روونی دەکاتەوە 

 هۆکاری کەم بارانی چییە و کەی زۆزترین باران دەبارێت؟

964+

توانا نەقی

بۆ ئەم زستانە تا ئێستا وەک پێویست باران نەباریوە و ئەوەش هۆکاری خۆی هەیە و ئەو بڕەشی کەباریوە وەک پێویست دابەش نەبووە بەسەر ناوچەکاندا، کەشناسێکیش پێشبینی ئەوە دەکات کە لەم هەفتەیەدا باران ببارێت.

وەک رێژەی باران مەترسی وشکە ساڵی نییە بۆ ئەمساڵ بەڵام لە هەندێک ناوچەی هەرێم وشکەساڵی کشتوکاڵی دەبێت.

سیروان ساڵح کەشناس بە 964ـی وت، یەکێک لە هۆکارەکانی کەمی باران جێگیربوونی ئەو ناوچە پەستان بەرزەیە کەلە روسیاوە بەرەو شاخەکانی هەرێمی کوردستان هاتووە و ماوەی دوومانگە کاریگەری هەیە.

هەروەها هۆکارێکی دیکە ئەو شەپۆلە پەستان نزمانەی لە دەریای ناوەڕاست و سورەوە روودەکەنە ناوچەکە پەستانە بەرزەکە وای لێدەکات کە لاواز بن و دابارین دروست نەبێت.

وتیشی، لە رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیەوە پێشبینی دەکرێت شەپۆلێکی باران بارین روو لە ناوچەکانی هەرێم بکات و زۆرترین بڕی دابارینیش لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەڕین دەبێت لە نێوان 5 بۆ 10 ملم لە ناوچە شاخاوەیە سنووریەکانیش بەفر دەبارێت.

لەو شاخانەشی بەرزیان لە نێوان 1000 بۆ 1500 مەترە وەک گۆیژە و چوارتا و بەمۆ و زمناکۆ و زۆرێکی دیکە لە شاخەکان بەفر دەبارێت و کۆتایی ئەم مانگەش دیسانەوە شەپۆلی بارانبارین روو لە ناوچەکە دەکاتەوە، کەشناسەکە وا دەڵێت.

سەبارەت بە ئەگەری وشکە ساڵی سیروان ساڵح ئاماژەی بەوەکرد، ئەمساڵ بە رێژەی باران وشکە ساڵی نابێت، بەڵام لە هەندێک ناوچەی گەرمیان و دەورووبەری کەرکوک و بەشێکی هەولێر وشکە ساڵی کشتوکاڵی دەبێت، هەرچەندە رێژەی بارانە زۆرەکە دەکەوێتە مانگەکانی سێ و چوار و بەتایبەت مانگی سێ مانگێکی پڕ باران دەبێت.

بەفر و بارانبارین دەستپێدەکاتەوە

بەفر و بارانبارین دەستپێدەکاتەوە