12 گەنجی هەرێمی کوردستان لە لیبیا ئازاد کران و دەگەڕێنەوە - وێنە: موسەننا ئەمین
زیاتر لە دوو مانگ دەستبەسەربوون
12 گەنجی هەرێمی کوردستان لە لیبیا ئازاد کران و دەگەڕێنەوە
964+
شۆڕش قادری
12 گەنجی هەرێمی کوردستان دوای دەستبەسەركردنیان بۆماوەی زیاتر لە دوو مانگ، لە لیبیا ئازاد كران و دەگەڕێندرێنەوە كوردستان.
موسەننا ئەمین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەندام لە لیژنەی پەیوەندیەكانی دەرەوە، لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی، “دوای ئەوەی 12 هاوڵاتی هەرێمی كوردستان لە رێگای گەیشتن بە ئەوروپا و لە وڵاتی لیبیا زیاتر لە دوو مانگ و نیو دەستبەسەركران، بە هەوڵ و بەدواداچوونە بەردەوامەكانی ئێمە و بە هاوكاری ئەحمەد سەحاف باڵیۆزی عێراق لە لیبیا، سەرجەمیان ئازاد کراون”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو 12 هاوڵاتییە لە رێگای گەڕانەوەدان بۆ هەرێمی كوردستان.
ئەوە جارى یەکەم نییە و پێشتریش چەند گەنجێکى دیکە بە ژمارەى جیاواز لە وڵاتانى دیکەى ئەفریقا ئازاد کرابوون.
لە مانگی 10ـی ساڵی رابردووش 16 گەنجى هەرێمى کوردستان لە وڵاتی تونس ئازادکران و ئەوکات موسەننا ئەمین بە 964ـی راگەیاند، بەردەوام لەسەر هێڵ بوون بۆ ئازادکردنی ئەو گەنجانە کە زۆرینەیان خەڵکى قەڵادزێ بوون و چەند هاوڵاتییەکى رانیە و کۆیە و گەنجێکى سەیدسادقیشیان لەگەڵدا بوو و دوانیان تەمەنیان خوار 18 ساڵ بوو.