دایک و باوکی منداڵانی توشبوو سەنتەرێکی ئۆتیزم دەکەنەوە
964+
هونەر فارس
لە گەرمیان دووەم سەنتەری نەخۆشی ئۆتیزم لەلایەن دایک و باوکی دوو منداڵی ئۆتیزمەوە کرایەوە، بە وتەی بەڕێوەبەری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیش هیچ سەنتەرێکی حکومی لە گەرمیاندا بوونی نییە.
هەیفا حسێن، دایکی دوو منداڵی ئۆتیزمە و خەم و ئازاری منداڵەکانی وای کردووە لەسەر ئەرکی خۆی و هاوسەرەکەی بیر لە دانانی سەنتەرێک بکاتەوە بۆ منداڵانی سنورەکە.
سەنتەرەکەی هەیفا ناوی چەپکە گوڵە و لە توانایدایە تاوەکو 30 منداڵی توشبوو بەو نەخۆشیە لەخۆبگرێت، کە تێیدا مامۆستای پسپۆڕی دەرونناس رۆژانە راهێنان بە منداڵان دەکەن.
سەنتەرەکە لە نزیک بازاڕی شاری کەلارە و ئەمڕۆ یەکەم رۆژی کردنەوەی بوو.
ژیلوان عادل بەڕێوەبەری چاودێری و کۆمەڵایەتی گەرمیان، هۆکاری نەبوونی سەنتەری حکومی لە گەرمیاندا بۆ نەبوونی بینای تایبەت بە سەنتەری ئۆتیزم دەگەڕێنێتەوە.
ئاماژەش بەوە دەکات لە رۆژانی داهاتوودا سەنتەرێکی دیکەی ناحکومی لە کەلار دەکرێتەوە.
جێگەی ئاماژەیە لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی گەرمیان، 250 منداڵی توشبوی ئۆتیزم بوونی هەیە، بەبێ ئەوەی هیچ سەنتەرێکی حکومی لە سنورەکەدا هەبێت.