تابلۆیەك رێگەی ناحیەی گەرمك رووندەكاتەوە، وێنە: 964
بە بڕیارێکی ئیداریی
بەڕێوەبەری ناحیەی گەرمک گۆڕدرا
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
لە مەراسیمێکدا بەڕێوەبەری ناحیەی گەرمک لە قەزای پێنجوێن گۆڕدرا و بەرێوەبەری نوێ دەستبەکاربوو.
هێمن ئیبراهیم قایمقامی قەزای پێنجوێن بەوەکالەت، بە 964ـی وت، “زیاد عەبدوڵا وەکو بەڕێوەبەری نوێی ناحیەی گەرمک لە جێگای بەڕێوەبەری پێشوو حاکم سەباح مەعروف دانراوە و بڕیارەکە ئیداریی بووە”.
وتیشی، ئەو پۆستانە ماوەی یاساییان نییە و بە بڕیاری ئیداریی ئەو کەسانە دەگۆڕدرێن و حاکم سەباحیش لە ساڵی 2023ـەوە لەو پۆستەدا بووە.
سەبارەت بە پۆستی بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێزیش، هێمن ئیبراهیم وتی، “تا ئێستا خۆی لەو پۆستەدا ماوەتەوە و قایقمامیەتی قەزای پێنجوێنیش بە وەکالەت بەڕێوەدەبات و تا ئێستا هیچ بڕیارێکی نوێ نییە.
ناحیەی گەرمک دەکەوێتە بەشی باکووری قەزای پێنجوێن و ژمارەی دانیشتووانی بە گوێرەی ئاماری ساڵی 2024، 14 هەزار و 743 کەسە و نزیکەی 100 گوندیشی لەسەرە.
بەشێكی زۆری ناحیەی گەرمک کێڵگەی کشتوکاڵییە و دانیشتووانەکەشی سەرقاڵی کاری جوتیاری و باخداری و کشتوکاڵین، سەیرانگای گۆڵێـش دەکەوێتە سنوری ئەم ناحیەیەوە.
پێداچوونەوە: شۆرش قادری