قەزاى سەیدسادق...
بیروڕای جیاواز لە بارەی خۆپێشاندانەكە هەیە
سبەی لە سەیدسادق خۆپێشاندانە و قایمقامییەتیش هیچ ناڵێت
بڕوا مەجید – سەیدسادق
بەشێک لە چالاکوانانی قەزای سەیدسادق دەڵێن، لەبەر نەبوونی خزمەتگوزاری و چاکنەکردنی پڕۆژە گشتییەکان لە قەزاکە، بەنیازن سبەی خۆپێشاندان بكەن و داوای مۆڵەتیشیان لە قایمقامییەتی قەزاکەیان کردووە.
زانا عەلی، كە چالاکوانە، ئەمڕۆ چوارشەممە 15.1.2025 بۆ 964 ئەوەی وت” وەک بەشێک لە چالاکوانان وخەمخۆرانی قەزای سەیدسادق داواکاریی خۆپێشاندانمان ئاراستە قایمقامییەتی قەزاکە کردووە، ئامانجمان ئەوەیە چیتر ئەم شارە پەراوێز نەخرێت، کولیژێکمان هەیە ئەویش خەریکە دادەخرێت و بینای پاسپۆرت چەند ساڵە داوادەکەین بردوویانە بۆ قەزاکانی تر”.
هەروەها وتی، “پارکێکی گشتیمان هەیە چەندین ساڵە وێران بووە و چاک نەکراوەتەوە، بەشێکی زۆری سەیدسادق خزمەتگوزاری ئاو و ئاوەڕۆ و پڕۆژەی خزمەتگوزاریی نییە، ئێمە لە رێگای خۆپێشاندانێکەوە لە بەردەم شارەوانی، داوای خزمەتگوزاری دەکەین و لە بەردەم دادگای قەزاکەش داوای دانەخستی کەیسی شەهیدەکانمان دەکەین، کە لە خۆپێشاندانەکاندا گیانیان لەدەست دا.”
زانا عەلی ئاماژەی بەوەدا، لەلایەن قایمقامییەتی قەزاکەوە مۆڵەتی خۆپێشاندانەکەیان پێدراوە، بڕیارە لەلایەن ئاسایش و پۆلیسیشەوە وەڵام بدرێنەوە، بەڵام تائێستا وەڵامێکیان نەبووە، بەڵام بەپێی یاسای خۆپێشاندان دوای 48 کاتژمێر لە وەڵامنەدانەوەی داواکەیان، دەتوانین خۆپێشاندان بكەن.
“بڕیارە سبەی پێنجشەممە خۆپێشاندان بکەین، دەمانەوێ سەرجەم چین و توێژەکان ئامادەبن و داوای مافی رەوای خۆیان بکەن، لە ئەگەری وەڵامنەدانەوەی داواکارییەکانشمان دوور نییە خێوەت هەڵبدەین و تێیدا بمێنینەوە تا داواکارییەکانمان بە تەواوی جێبەجێ دەکرێن”، زانا عەلی وای وت.
لە بەرامبەردا هاوڵاتییەکی قەزاکە، كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، سەبارەت بە خۆپیشاندانەکە بۆ 964 وتی “ئەم خۆپێشاندانە ئامادەکارییەکی وای بۆ نەکراوە، پاشان پێشتر هیچ خۆپیشاندانێک نەبراوەتە بەردەم شارەوانی، هەر لەسەر پردەکە و ناوبازار خۆپێشاندانەکان ئەنجام دراوە، بەڵام بۆ سبەی بە مەبەست بردوویانەتە بەردەم شارەوانی، ئەگەرنا هەموو سێکتەرەکان کەمتەرخەمییان تێدایە.”
سەبارەت بە مۆڵەتپێدانی خۆپێشاندانەکە 964 پەیوەندی بە قایمقامی قەزای سەیدسادقەوە کرد، لەبەر دووربوونی لە قەزاکە و وەرگرتنی مۆڵەت، هیچ زانیاریەکی بۆ964 نەخستە ڕوو.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا