لە زاخۆ

رۆنی بەسەرچووی لە ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیان دەكرد و لیژنەكە گرتیان

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

چاودێریی بازرگانیی زاخۆ چوونەتە لای رۆنگۆڕێكی ئۆتۆمبێل لە ناوچەی پیشەسازی، كە رۆنێكی بۆ ئۆتۆمبێلەكان بەكاردەهێنا دوو ساڵە بەسەر چووە، كەچی بە خەیاڵیشیدا نەهاتووە، هەر لە دوكانەیدا دەست بەسەر 600 لیتری رۆنەكەشدا گیراوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 5.1.2025 لە کاتی بەدواداچوون و پشکنینی چاودێریی بازرگانی زاخۆ بۆ ناوچەی پیشەسازی ئۆتۆمبێلەکان، توانیان دەستبەسەر 600 لیتر رۆنی ماوەبەسەرچوودا بگرن، کە پێش دوو ساڵ ئێکسپایەر بووە و ئەمڕۆش خاوەنی رۆنگۆڕییەکە بە شۆفێرانی فروشتبوو.

هاوکات چوار نانەوانخانەشیان بەهۆی کەمکردنی کێشی نان سزاداوە و نزیکەی 400 کیلۆش کەرەستەی ماوەبەسەرچوو دەستیان بەسەردا گیرا.

بارزان ئیسماعیل، ئەندامی لیژنەی چاودێریی بازرگانیی زاخۆ بە 964 وت، “خاوەنی رۆنگۆڕییەکە سزای ماددی دەدرێت و هۆشداری توندیش بەو شوێنانە درا، کە خۆراکی ماوەبەسەرچوویان هەبوو”.

لیژنەی چاودێریی بازرگانی زاخۆ پێک دێت لە نوێنەرانی هەریەک لە تەندروستی، بازرگانی، ئاسایش و بەردەوام چاودێریی دۆخی بازار دەکەن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا