توانای گەیشتە 50 هەزار بەرمیل

توانای پاڵاوگەی سینیە 10 هەزار بەرمیل بەرزکرایەوە

+964
سیروان خورشید – دوزخورماتوو

ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق بە یاوەری وەزیری نەوت، سەردانی پاڵاوگەی سینیەیان لە قەزای بێجی کرد و لەگەڵ پارێزگاری سەڵاحەدین سەردانی پاڵاوگەکانی سنورەکەیان کرد.

یاسین مەحەمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین بە 964ـی وت، سودانی سەردانی پاڵاوگەی سینیەی کرد و هەردوو بەشی چوار و پێنجی پاڵاوگەکەی کردەوە، کە توانای بەرهەمهێنانی 10 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە و بەمەش توانای گشتیی بەرهەمهێنانی نەوت لە پاڵاوگەکە بۆ 50 هەزار بەرمیل نەوت بەرزبوەوە لە رۆژێکدا.

وتیشی، هەر لە سەردانەکەدا کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوونی پاڵاوگەکان کرایەوە کە 1178 یەکەی نیشتەجێبوون لەخۆدەگرێت، کە لە رابردوودا بەهۆی گرژی و شەڕی چەکدرانی داعشەوە تێکدرابوون، کۆمەڵگە کە هەمو پێداویستیەکانی نیشتەجێبوون لەخۆدەگرێت، هەروەها لە پاڵاوگەی باکوور یەکەیەکی بەرزکردنەوەی ئۆکتانی بەنزین بەرێژەی سێ هەزار و 497 مەتر سێجا کرایەوە و بەردی بناغەی یەکەی سێ لە پاڵاوگەی سینیە دانرا کە رێژەی بەرهەمهێنانی 70هەزار بەرمیل نەوتی دەبێت رۆژانە”.

پاڵاوگەی بێجی دەکەوێتە باکووری پارێزگای سەڵاحەدینەوە، گەورەترین پاڵاوگە و کۆمپلێکسی بەرهەمهێنانی نەوتە لە عێراقدا، لە ساڵی 1978 دامەزراوە، و یەک لەسەر سێی بەرهەمی پاڵاوگەکانی عێراق بەرهەم دەهێنێت.
پێداچوونەوە: هاوبەش