لەبەرەبەیانی ساڵی تازەدا چوار تەرمیان گواستۆتەوە
سێ خێرخواز لە ساڵی رابردوودا هەزار و 490 تەرمیان بێ بەرامبەر گواستۆتەوە
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
سێ هاوڵاتی خێرخوازی شاری سلێمانی، تەنیا لە ساڵی رابردوودا، هەزار و 490 تەرمیان بێ بەرامبەر گواستووەتەوە بۆ گۆڕستان.
رێکان محەمەد یەکێک لە خۆبەخشەکان بە 964ـی وت، “لە ساڵی 2009ـوە پڕۆژەیەکی خێرخوازیمان دروست کردووە بەناوی کەشتی نوح بۆ گواستنەوەی تەرم بۆ گۆڕستان،تەنیا لە ساڵی 2024ـیشدا هەزار و 490 تەرممان گواستووەتەوە”.
باسی لەوشکرد، ستافەکەیان پێکهاتووە لە سێ شۆفێر و دوو ئۆتۆمبێل، زاهیری کەریمە رەشیـش هاوکاریان دەکات لەو کارە خێرخوازییەدا.
رێکان محەمەد وتی، “هەر ئەم بەیانییە و لە یەکەم ساتەکانی ساڵی تازەدا، چوار تەرممان گواستۆتەوە، ئێستاش هاوکارەکانم چون بۆ گواستنەوەی دوو تەرمی دیکە، بەردەوامیش دەبین لە پێشکەشکردنی ئەم خزمەتگوزارییە بۆ هاوڵاتیانی شاری سلێمانی”.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری