ئاماری نوێ لە زاخۆوە

زیاتر لە 600 تۆن کەرەستە لەناوبراون و سه‌دان هێڵى كاره‌با و ئاویش بڕدران

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

ئه‌مساڵ له‌ ئیداره‌ى زاخۆ، له‌لایه‌ن لیژنه‌كانى چاودێرییه‌وه‌ زیاتر له‌ 600 تۆن كه‌ره‌سته‌ى ماوه‌به‌سه‌رچوو له‌ناوبراون و به‌سدان هێڵى كاره‌با و ئاویش كه‌ به‌سه‌رپێچی له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌ راكێشرابوون، بڕان.

ئاماره‌كه‌، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ له‌لایه‌ن قایمقامییه‌تى ناوه‌ندى قه‌زاى زاخۆ بڵاوكرایه‌وه‌.

ئه‌و لیژنانه‌نی قایمقامیەت كه‌ چاودێری بازار و شوێنه‌كان ده‌كه‌ن، پێکدێن لە هەریەک لە تەندروستی، بازرگانی و ئاسایش.

به‌پێی ئاماره‌كه‌، لەساڵی 2024 دا توانیویانە دەست بەسەر زیاتر لە 600 تۆن کەرەستەی خوراک و جوانکاری ماوەبەسەرچوودا بگرن، لەگەل هەزار و 500 کیلو دەرمانی قاچاخ.

53 کلینیکى پزیشكى و دەرمانخانەیان سزاداون و حەوت شوێنی نه‌شتەرگەری جوانکارییان داخستووه‌ و شەش پزیشکی ددانیشیان بەهۆی جێبەجێنەکردنی رێنماییەکانی تەندروستی، سزاداوه‌.

هەر ئەوە نا، بەپێی ئامارەکان 579 هێڵی کارەبا و هەزار و 269 هێڵی ئاو کە زێده‌ڕۆیی و سه‌رپێچی راكێشرابوون لابران، 442 خانو و کەپر و شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵیش کە شوێنەكانیان نه‌گونجاو بوو، لادران.

هه‌ر ئه‌مساڵ 390 خاوەن دوکان و مارکێتیان به‌هۆى پابه‌ندنه‌بوون به‌رێنماییه‌كان و سه‌رپێچیكردنیان سزادراون، ئه‌و شوێنكارانه‌ش كه‌ شوستە و شەقامه‌كانیان وه‌ك زێده‌ڕۆیی كردن به‌كارهێنابوو، 400 شوێنكار بوو، هه‌موویان پاككرانه‌وه‌.

محەمەد سدیق، بەرێوەبەری راگەیاندنی قایمقامییەتی قەزای زاخۆ بە 964 وت، ته‌نیا 2%ـى ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ى ده‌ستیان به‌سه‌رداگرتوون و له‌ناویان بردوون له‌لایه‌ن خاوه‌ن كاره‌كانه‌وه‌ راده‌ستیان كرابوو، ده‌ناى زۆربه‌ى كه‌ره‌سته‌كان له‌لایه‌ن لیژنه‌كانیانه‌وه‌ ده‌ست به‌سه‌رداگیراون.

لایخۆشیەوە کوڤان ئاڤدەل، بەرێوەبەری چاودێری بازرگانی زاخۆ بۆ 964 راگەیاند “لە ساڵی داهاتوو پلان و بەرنامەی باشترمان هەیە و کۆنتروڵی تەواوی ئه‌و شوێنانه‌ى قۆرخکاری و سەرپێچی دەکەن و هەموو شوێنێکی بازرگانیش  ئاگادار كراونه‌ته‌وه‌ و بۆیە هیچ بیانوێک قبوڵ ناکرێت”.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن