ئەمڕۆ ریال و بارسا یارییان هەیە

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

له‌ خولی ئیسپانیا یانه‌ی ریال مه‌درید له‌به‌رده‌م ئه‌ركێكی قورسدایه‌، له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگای و به‌بێ ئاماده‌بوونی 5 یاریزانی رووبه‌ڕووی ریال مایۆركا ده‌بێته‌وه‌، بارسێلۆناش به‌رامبه‌ر سێڤییا یاری ده‌كات.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 5ـی شوبات، گه‌ڕی 20ـی لالیگای ئیسپانیا درێژه‌ی ده‌بێت، چه‌ند یارییه‌ك دێنه‌ ئه‌نجامدان و راوه‌دوونانی ریال مه‌درید و بارسێلۆنا به‌رده‌وامه‌.

ریال مه‌درید، كه‌ به‌ 45 خاڵ له‌ پله‌ی دووه‌می لالیگایه‌ و 5 خاڵ له‌ بارساوه‌ دووره‌، له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگای خۆی به‌رامبه‌ر ریال مایۆركا یاری ده‌كات.

“كه‌ریم بنزێما، ئیدیر میلیتاو، مێندی، لوكاس ڤاسكێز و ئیدین هازارد به‌ هۆكاری جیاجیا یاری ناكه‌ن” هه‌روه‌ك رۆژنامه‌ی ماركا بڵاویكردووه‌ته‌وه‌.

لایخۆشیه‌وه‌ یانه‌ی بارسێلۆنا، كه‌ پێشه‌نگی لالیگایه‌ به‌ 50 خاڵ، له‌ یاریگای خۆیدا به‌رامبه‌ر سێڤییا یاری ده‌كات و ئامانجی بردنه‌وه‌ و دووركه‌وتنه‌وه‌ی زیاتره‌ له‌ ریال مه‌درید.

سێڤییا، له‌ 5 یاری رابردووی له‌ سه‌رجه‌م خوله‌كان له‌ بارسێلۆنای نه‌بردووه‌ته‌وه‌، ئێستا له‌ پله‌ی 14ی ریزبه‌ندییه‌ و ئه‌م وه‌رزه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ركابه‌رییه‌كانی پێشه‌وه‌ی ریزبه‌ندییه‌، بۆیه‌ پێشبینیی ناكرێت ئه‌مڕۆ رێگریی بۆ بارسێلۆنا دروستبكات.

خشته‌ی یارییه‌كانی ئه‌مڕۆ:
مایۆركا – ریال مه‌درید 16:00
جیرۆنا – ڤالێنسیا 18:15
ریال سۆسیداد – ڤایادۆلید 20:30
بارسێلۆنا – سێڤییا 23:00.